دەوامی سەرجەم فەرمانگەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کەم کرایەوە
بەگوێرەی بەیانی ژمارە ١٢ی ساڵی ٢٠٢٠ کە بە واژۆی ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ بڵاو کراوەتەوە، ئاماژە بەوە دراوە کە لەسەر فەرمانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و لەپێناو پاراستنی ئاسایشی تەندروستیی هەریمی کوردستان و ڕێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، چەند بڕیارێکیان داوە کە ئەوانیش:
١- هاووڵاتیان سەردانی فەرمانگەکانی حکوومەت نەکەن ئەگەر لە حاڵەت و کاری زۆر پێویست نەبێت.
٢- گشت وەزارەتەکان و فەرمانگەکانی نەبەستراو بە وەزارەت سەرپشک دەکرێن بە کەمکردنەوەی پابەندبوونی فەرمانبەران بە دەوامی فەرمی تەنیا بۆ ئەو ستافانەی کە پێویستە بۆ راپەڕاندنی کاروباری فەرمانگەکانیان.
٣- کەمکردنەوەی دەوامی فەرمی لە فەرمانگەکانی حکوومەت لە کاتژمێر ٨ی بەیانی تا ١ی پاش نیوەڕۆ.
٤- سیستەمی پەنجەمۆر لە گشت فەرمانگەکان رادەوەستێت و هاتن و چوونی فەرمانبەران لە تۆمارێکی تایبەت تۆمار دەکرێت، جگە لەو فەرمانگانەی کار بە سیستەمی پەنجەمۆری چاو دەکەن.
٥- ئەو بەیانە تەنیا فەرمانگە شارستانییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە جگە لە فەرمانگە تەندروستییەکان کە پێویستە بە بەردەوامی لە ئەرکدا بن.
٦- کاری ئێشکگریی فەرمانگە خزمەتگوزارییەکانی شارستانی وەک (ئاو، کارەبا، شارەوانی و ..هتد) بەردەوام دەبێت.
٧- ئەم بڕیارانە تا بەرواری ١٠ی ٣ی ٢٠٢٠ کاری پێ دەکرێت و لە ڕۆژی دەرچوونیەوە جێبەجێ دەکرێت.
باسنيوز
