وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان بانگەوازێکی بەپەلەی بڵاو کردەوە
وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بانگەوازێکی بەپەلەی ئاراستەی خەڵکی هەرێمی کوردستان کرد.
کەمێک لەمەوبەر، سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی، لە پێگەی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) بانگەوازێکی بەپەلەی بڵاو کردەوە و رای گەیاند، دوای بڵاوبوونەوەی لیستی ناوی ئەو گەشتیارانەی کە گەڕاونەتەوە هەرێمی کوردستان بەبێ ئەوەی دابڕگەی پزیشکییان بۆ بکرێت و جیابکرێنەوە، یان بە قاچاخ و دوور لە تیمەکانی پزیشکی ئێستا لە هەرێمی کوردستانن، یان هەر گەشتیارێکی دیکە کە لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا گەڕاونەتەوە، ”جێگای مەترسین“.
وەزارەتەکە ئاگاداری کردوونەتەوە کە بە زووترین کات لە ماڵ و منداڵ و خێزانەکانیان دوور بکەونەوە و پەیوەندی بە تیمەکانی پزیشکییەوە بکەن.
داواشی لە هاووڵاتیان کردووە، لەم جۆرە کەسانەی ئاماژەیان پێدراوە، نزیک نەکەونەوە و لە پێناو تەندروستیی خۆیان و خانەوادەکانیان، پەیوەندی بە تیمەکانی تەندروستییەوە بکەن، بە ئامانجی ڕێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19).
پێشتر هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی راگەیاند کە ئەو کەسانە ئەگەر خۆیان ڕادەستی تیمە پزیشکییەکان نەکەن، ئەوا هێزە ئەمنییەکان دەستگیریان دەکەن.
باسنیوز
