ھەڤاڵ ئەبوبەکر: ئەوانەی بە نایاسایی لە ئێران گەڕاونەتەوە خۆیان ڕادەست نەکەن دەستگیر دەکرێن

ھەڤاڵ ئەبوبەکر: ئەوانەی بە نایاسایی لە ئێران گەڕاونەتەوە خۆیان ڕادەست نەکەن دەستگیر دەکرێن
پارێزگاری سلێمانی ئاشکرای دەکات، ئەو هاووڵاتییانەی کە بە نایاسایی لە کۆماری ئیسلامیی ئێران گەڕاونەتەوە، خۆیان سەردانی تیمە تەندروستییەکان نەکەن، دەستگیر دەکرێن.

د. ھەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی، ڕايگەیاند: "ئاماری ھەموو ئەو ھاووڵاتییانەمان لایە کە سەردانی ئێرانیان کردووە و داوا لەو ھاووڵاتییانە دەکەین، بە زووترین کات خۆیان بە تیمەکانی تەندروستی بناسێنن، یان خزمەکانیان ئاگادارمان بکەنەوە“.

هۆشداریشی دا کە ئەگەر ئەو کەسانەی لە ئێران گەڕاونەتەوە، خۆیان سەردانی تیمە تەندردوستییەکان نەکەن، ئەوا ”ناچار دەبین خۆمان لە ڕێگەی یاساوە ئەو کارە جێبەجێ بکەین".

گوتیشی: "ئەو کەسانەی لە ئێران گەڕاونەتەوە، گومانی ئەوەیان لەسەرە کە ھەڵگری ڤایرۆسە بن، بۆیە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پشووی فەرمیی ڕاگەیاندووە و ھەوڵەکانی خۆی بۆ بەگژداچوونەوەی ئەو ڤایرۆسە چڕ کردووەتەوە، تاوەکوو ئەو گەشتیارانە کاتێک دەگەڕێنەوە ھەرێمی کوردستان، پشکنینی پزیشکییان بۆ بکرێت، تا وڵاتەکەمان لەو ڤایرۆسە پارێزراو بێت".

پارێزگاری سلێمانی جەختی لەوەش کردەوە: "داتا و زانیاریی ئەو ھاووڵاتییانەمان لایە کە لە ڕێگەی نایاساییەوە لە وڵاتی ئێرانەوە گەڕاونەتەوە ھەرێمی کوردستان، ئەگەر تاکوو چەند ڕۆژێکی دیکە خۆیان ڕادەستی تیمەکانی تەندروستی نەکەن، ئێمە لەڕێگەی ھێزەکانی ئاسایش و تیمەکانی تەندروستییەوە خۆمان ئەو کارە جێبەجێ دەکەین".

د. ھەڤاڵ ئەبوبەکر لەبارەی ڕێکارەکانی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا ئاماژەی بەوەش کرد: "ئامادەکاریی باشمان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کردووە و جگە لەوەی نەخۆشخانەی تایبەتمان بۆ ئەو ڤایرۆسە کردووەتەوە، بەردەوام پشکنینی پزیشکی بۆ ئەو ھەووڵاتییانە دەکەین کە گومانی حاڵەتی ڤایرۆسی کۆرۆنایان لەسەرە".

لە دوای گرتنەبەری ڕێکاری خۆپارێزی لە دەروازە سنوورە فەرمییەکانەوە بەرامبەر بەو هاووڵاتییانەی کە لە ئێرانەوە دێنە نێو خاکی هەرێمی کوردستان، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە دەنگۆی ئەوە بڵاو کراوەتەوە کە کەسانێکی زۆر بە نایاسایی هەوڵ دەدەن بێنەوە نێو خاکی هەرێمی کوردستان، تاوەکوو لە ڕێوشوێنە خۆپارێزییەکان دەربازیان ببیت.












باسنيوز


Top