ئێران: ژمارەی مردوان بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا گەیشتە 22 کەس
لە ئامارەکەی ئەو میدیایەی ئێران هاتووە لە کۆی 31 پارێزگای ئێران، ئێستا لە 20 پارێزگا ڤایرۆسی کۆرۆنا بڵاو بووەتەوە و هاوکات 54 کەس لەوانەی تووش بوون، چاک بوونەتەوە.
ئەوەی جێگەی سەرنجە و ڕۆژانە لە میدیاکانی ئێرانەوە بڵاو دەبێتەوە، ئەوەیە کە تا ئێستا چەند بەرپرس و پەرلەمانتاری ئێرانی بانگەشەی ئەوەیان کردووە تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون.
لە ماوەی رابردوودا هەریەک لە جێگری وەزیری تەندروستی، سەرۆکی شارەوانیی ناوچەی ١٣ی تاران، گوتەبێژی فەرمیی دەوڵەتی ئێران، ئایەتولا شەبیری، یەکێک لە مەرجەعە ئایینییەکان لەگەڵ سەرجەمی ستافی نووسینگەکەی، بانگەشەی تووشبوون بە کۆرۆنایان کردووە و بەشێکیان لە دابڕگەی پزیشکی دان.
بەشێکی بەرچاو لە خەڵکی ئێران گومانیان لەم بانگەشانەی بەرپرسەکانیان لەبارەی تووشبوونیان بە کۆرۆنا هەیە و هۆکاری جیاجیا بۆ ئەم گومانەیان دەهێننەوە.
هەتا ئێستا لە وڵاتانی عێراق، کوێت، یەمەن، ئیمارات و لوبنان بەهۆی هاتوچۆ لەگەڵ ئێران چەندان حاڵەتی تووشبوو تێیاندا تۆمار کراوە.
باسنيوز
