سامان بەرزنجی: بەپێی پلانە داڕێژراوەکان ڕووبەڕووی ڤایرۆسی کۆرنا دەبینەوە
وەزیری تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە پرێس کۆنفرانسێکدا لەبارەی ئامادەکاری و ڕێوشوێنەکانی وەزارەتی بۆ پێشگیری لە ڤایرۆسی کۆرۆنا خستە ڕوو و گوتی و هیشتا لە هەرێمی کوردستان هیچ حاڵەتێکی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆرنا تۆمار نەکراوە.
د. سامان بەرزنجی، ئەمڕۆ پێنجشەممە 2020.2.27 ڕای گەیاند: "سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەرژەوەندیی گشتی و سەلامەتیی هاووڵاتیانن بە پلەی یەکەم لە پێش هەموو شتێکەوە دناوە و ڕێوشوێن و ڕێکارەکان زۆر توندوتوڵتر بوون و بەڕێزیان جگەلە پاڵپشتی و پشتگیریکردن، هاوکات سەردانی مەیدانیشی کرد بەردەوام ڕێگەی بە دەستکراوەی بە وەزارەتی تەندروستی و وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی کردووە کە بۆ هەر پێشگیرییەک لەم نەخۆشییە، ئەوا هەرێمی کوردستان پێشەنگ دەبێت و ئێمە هیوادارین کە بەو جۆرەی کە هاووڵاتیان هاوکارییان کردووین، یارمەتیدەرمان بن".
د. سامان بەرزنجی ڕاشی گەیاند: "ئەم نەخۆشخانەیە کە تەرخان کراوە، لایەنێکی ڕێکارەکان و لایەنی چارەسەرییە و بەختەوەرانە هەتا ئێستا پێویستمان بە لایەنی چارەسەری نەبووە، چونکە لەبەر ئەوەی چەندین حاڵەتی گومانلێکراو هەموو ئەنجامی پشکنینەکان نێگەتیڤ بوون، بۆیە تا ئێستا هیچ حاڵەتێکی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆرنا لە هەرێمی کوردستان تۆمار نەکراوە".
وەزیری تەندروستی لەبارەی پلانەکانی وەزارەت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا ئاماژەی بەوەش کرد: "ئێمە وەکوو پلانی (A) ئەم نەخۆشخانەیەمان هەڵبژارد تاکوو کار لەسەر بەرژەوەندیی هاووڵاتی نەکات و کاری نەخۆشخانەکانی دیکە ڕانەوەستێت و ئەم نەخۆشخانەیە نزیکەی 60 قەرەوێلەیە و لە پلانی (B)یشدا نەخۆشخانەیاکی دیکەش هەیە و ئەگەر خوای نەکردە پێویست بکات و ژمارەی تووشبوان زیاد ببێت، ئەوا بە بێگومان نەخۆشخانەی زۆر گەورەتر بەتەواوی بەتاڵ دەکەین، بەڵام هەتا ئێستا پێویست نییە و ئەم نەخۆشخانەیەش تەنیا بۆ گومانلێکراوانی کۆرۆرنایە و هیچ نەخۆشێکی دیکەش وەرناگرێت."
د. سامان بەرزنجی ڕاشی گەیاند: "بۆ لایەنی خۆپارێزی و دۆزینەوەی حاڵەت و قۆناغەکانی خۆزپارێزی زۆر گرنگە و ئێمە لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتەکانی دیکەش لە هەماهەنگیداین و ئێستا لە هەرێمی کوردستان جگەلە فڕۆکەخانە و دەروازە نیودەوڵەتییەکان، لە خاڵەکانی پشکنینی نێوان هەرێمی کوردستان و نێوان شارەکانی خوارووی عێراق لە دوێنیوە بە توندوتۆڵی دەستی پێ کردووە و هەموو ڕێکارێک بۆ پێشگیری لە ڤایرۆسی کۆرۆنا گیراوەتە بەر."
باسنیوز
