سوودمەندانی پرۆژەیەکی نیشتەجێبوون لە سلێمانی لەنێوان دوو کرێدا گیریانخواردووە
کۆمپانیای جێبەجێکاری پرۆژەکە دەستیکردووە بە پێدانەوەی کلیلی یەکەکان بە خاوەنەکانیان، بەڵام بەهۆی بوونی کۆمەڵێک کەموکورتی و نەبوونی خزمەتگوزارییە گشتییەکان، خاوەن یەکەکان نیگەرانن و داوادەکەن خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانیان بۆ دابینبکرێت کە پێویستە بۆ ژیان.
یەکێک لە سوودمەندەکانی پرۆژەکە دەڵێت "پرۆژەکە هێشتا خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی وەکو ئاو و کارەبا و زۆر شتی دیکەی تێدا نییە؛ هەروەها پرۆژەکە هیچ سیاجێکیشی نییە و بەهۆی چۆڵیی شوقەکانیشەوە هەرکاتێک بمەوێ بچمە دەرەوە لە ماڵەکەم، دەبێت منداڵەکانیشم لەگەڵ خۆم ببەم".
یەکێکی دیکە لە سوودمەندەکانی پرۆژەکە ئاماژەی بەوە کرد، ئێستا کۆمپانیاکە دەستیکردووە بە پێدانی کلیل بەو کەسانەی یەکەکانیان کڕیوە، بەڵام هێشتا ئەو خزمەتگوزاریانەی بۆ ژیان پێویستن تێیدا نین و پێویستیشە پرۆژەکە بە زوویی تەواوبکرێت، چونکە زۆرینەی کڕیارەکانی کرێچین.
کاروان کەریم خان، بەڕێوەبەری گرووپی کۆمپانیاکانی دایک باسی لەوە کرد، ئەوان کێشەیان هەیە لەگەڵ سەرۆکایەتیی زانکۆی سلێمانی و حکومەتی هەرێم، چونکە بەشێکی زۆر لە خزمەتگوزارییەکانی پرۆژەکە بەپێی گرێبەستەکەیان ئەرکی حکومەتە، بەڵام جێبەجێ نەکراوە و دەشڵێ "زانکۆی سلێمانیش ڕێگرە لە دروستکردنی ئەو شەقامە سەرەکییەی کە بڕیارە ببێتە شەقامی سەرەکی و نوێی پرۆژەکە".
زانکۆی سلێمانی لیژنەیەکی پێکهێناوە بۆ چاودێریکردنی پرۆژەکە و ئەوانیش گلەییان لە تەواونەبوونی پرۆژەکە هەیە، بەڵام دەڵێن هۆکاری کەمتەرخەمییەکان و دروستنەکردنی ڕێگەی سەرەکیی پرۆژەکە شارەوانیی سلێمانییە نەوەک ئەوان.
هاوکار محەممەد، بڕیاردەری لیژنەی پرۆژەی هەواری فەرمانبەرانی زانکۆ گوتی "کێشەی رێگەی ئەو پرۆژەیە لەلای زانکۆی سلێمانی نییە، بەڵکو لای شارەوانییە، چونکە پرۆژەکە ماستەرپلانی خۆیی بۆ دانراوە و هیچ کێشەیەک لەلایەن زانکۆوە نییە، هەروەها داواشیان لە حکومەت کردووە ئاسانکاری بکات بۆ هاوکاریکردنی کۆتاییهاتنی خزمەتگوزارییەکانی پرۆژەکە".
هاوکات ئەبوبەکر تەیب لێپرسراوی پرۆژەکان لە شارەوانیی سلێمانی رایگەیاند "شارەوانیی سلێمانی بەهۆی قەیرانی داراییەوە نەیتوانیوە خزمەتگوزاریی تەواو بگەیێنێتە پرۆژەکان، بۆیە پرۆژەکە کەموکوڕیی تێدایە، بەڵام بەپێی یاسایەک، کۆمپانیای جێبەجێکاری پرۆژەکە دەتوانێت لەسەر ئەرکی خۆی هەر خزمەتگوزارییەکی حکومی کە پێویستە، بۆ پرۆژەکەی ئەنجامبدات و دواتر بە قەرزی درێژخایەن تێچووی ئەو خزمەتەی لە حکومەت وەربگرێتەوە".
پرۆژەی هەواری زانکۆ لە هەزار و 224 یەکەی نیشتەجێبوون پێکهاتووە کە 604 یەکەیان خانووە و 624 یەکەشیان باڵەخانەن.
لە 75%ی یەکەکان فرۆشراون بە فەرمانبەرانی زانکۆی سلێمانی و لە 25%یشیان هاونیشتمانییانی دیکە کڕیویانەتەوە لەو فەرمانبەرانە و بڕیاریشبوو چوار ساڵ لەمەوبەر پرۆژەکە بە تەواوی خزمەتگوزارییەکانەوە کۆتایی بێت.
ئێستاش فەرمانبەرانی زانکۆی سلێمانی و ئەو کەسانەی یەکەکانیان کڕیوە، لەنێوان دوو کرێدا گیریانخواردووە، یەکەمیان کرێی ئەو خانووانەی خۆیان تێیدا نیشتەجێن و کرێچین، دووەمیان کرێی قیستی ئەو یەکانەی کە دوای زیاتر لە 1200 رۆژ هێشتا تەواو نەبوون.
