مەخموور.. بەهۆی تەقینەوەی دوو بۆمبی چێندراو شەش هاووڵاتی بریندار بوون
عەبدوڵا تاهیر، بەرپرسی ناوچەی مەخمووری پارتی لەمبارەوە ڕايگەیاند: "ئەمڕۆ چوارشەممە 26/2/2020، بەهۆی تەقینەوەی دوو بۆمبی چێندراو لە گوندی (عەلیئاوا)ی سنووری قەزای مەخموور، شەش هاووڵاتیی بریندار بوون".
گوتیشی: "بۆمبە چێندراوەكان نوێن و كردەوەكە كردەوەیەكی تیرۆریستییە و لەلایەن داعشەوە بۆمبە چێندراوەكان لەسەر ڕێگاكان دانراون".
دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ و داگیرکردنی ناوچە کوردستانییەکان لەلایەن حەشدی شەعبی و سوپای عێراق و نەمانی هێزەکانی پێشمەرگە لەو ناوچانە، سەقامگیریی ئەمنیی ئەو ناوچانە تێک چووە و هێزە عێراقییەکان توانایی دابینکردنی ئاسایشیان نییە و ئەگەری سەرهەڵدانەوەی چەکدارانی تیرۆریستی داعشیش بووەتە مەترسییەک بۆ سەر گیانی هاووڵاتیان.
باسنيوز
