وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف: ئەم هەینییە مزگەوتەکان نوێژی بە کۆمەڵیان تێدا دەکرێت

وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف: ئەم هەینییە مزگەوتەکان نوێژی بە کۆمەڵیان تێدا دەکرێت
لە کاتێکدا بەهۆی ڕێوشوێنەکانی تایبەت بە خۆپاراستن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بەشێکی زۆری چالاکییەکانی ئادار و نەورۆز لە سنووری پارێزگای هەولێر بەڕێوە ناچن، وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جەخت لە بەردەوامیی بەڕێوەچوونی نوێژی هەینی لە مزگەوتەکان دەکاتەوە.

مەریوان نەقشبەندی، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رايگەیاند، ئەم هەینییە مزگەوتەکان بۆ نوێژی بەکۆمەڵی هەینی بە ڕووی موسوڵماناندا کراوە دەبن و وتاری هەینیش دیاری کراوە.

ڕوونیشی کردەوە: ”تائێستا بڕیار نه‌دراوه‌ ده‌رگای مزگه‌وته‌کان دابخرێت بەهۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی نه‌خۆشیی کۆرۆنا له‌ رۆژی هه‌ینی، بەڵام لێژنەیەک دیاریکراوه‌ بۆ وتاری هه‌فتانه‌ی مزگەوتەکان و ئه‌م هه‌فته‌یه‌ تایبه‌ت ده‌بێت به‌ خۆپارێزی له‌ نه‌خۆشییەکه‌“.

ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەمڕۆ لە پرێس کۆنفرانسێکدا، فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر رای گەیاند، "ئێمە هەموو ڕێکارێکی پێویستمان گرتووەتە بەر، هەر لە سەر سنوورەکانەوە بگرە هەتا ناو بازاڕ و پێدانی ڕێنمایی پێویستی تەندروستی و دابینکردنی ئەو ئامێر و کەلوپەلانەی کە بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و بۆ خۆپارێزی لەم نەخۆشییە پێویستن".

ئەوەشی ئاشکرا کرد کە بۆ ڕێگەگرتن لە ڤایرۆسەکە و پاراستنی تەندروستیی گشتی، “بڕیارمان داوە بۆنەکانی ئادار و نەورۆز ڕابگرین، ئەمەش لەپێناو بەرژەوەندیی گشتیدایە".














باسنيوز


Top