پارێزگاری هەولێر: بڕیارمان داوە ئەمساڵ بۆنەکانی ئادار و نەورۆز ڕابگرین

پارێزگاری هەولێر: بڕیارمان داوە ئەمساڵ بۆنەکانی ئادار و نەورۆز ڕابگرین
ئەمڕۆ چوارشەممە پارێزگاری هەولێر لە پرێس کۆنفرانسێکدا لەبارەی گرتنەبەری ڕێوشوێنە پێویستەکان بۆ ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرنا لە پارێزگای هەولێر هەندێ زانیاریی خستە ڕوو و گوتی لەپێناو پاراستنی تەندروستیی گشتی بڕیارمان داوە ئەمساڵ بۆنەکانی نەورۆز ڕابگرین.

فرسەت سۆفی، لەمبارەوە گوتی: "ئێمە لەبەر ڕۆشنایی بڕیارەکانی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کە هەموو پارێزگارەکانی هەرێمی کوردستان و قایمقام و بەرپرسانی سنوورە نێودەوڵەتییەکان تێیدا ئامادە بوون، بۆیە ئێمە ئەمڕۆ بە ئمادەبوونی لایەنە پەیوەندیدارەکان جەختمان لە جێبەجێکردنی ئەو بڕیارانەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کردەوە بۆ خۆپارێزی لەو نەۆخشییە کردەوە".

گوتیشی: "بەختەوەرانە بەپێی زانیارییەکانی وەزارەتی تەندروستی و بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی هەولێر ئاشکرایان کردووە، هەتا ئێستا هیچ حاڵەتێکی تووشبوو بە ڤایرۆسی کۆرنا لە سنووری پارێزگای هەولیر تۆمار نەکراوە، بۆیە ئێمە هەموو ڕێکارێکی پێویستمان گرتووەتە بەر، هەر لە سەر سنوورەکانەوە بگرە هەتا ناو بازاڕ و دانی ڕێنمایی پێویستی تەندروستی و دابینکردنی ئەو ئامێر و کەلوپەلانەی کە بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و بۆ خۆپارێزی لەم نەخۆشییە پێویستن یەکێکی دیکەیە لەو ڕێکارانەی گرتوومانەتە بەر".

فرسەت سۆفی ئاماژەی بەوەش کرد: "دڵنیایی دەدەینە هەموو هاووڵاتیانی پارێزگای هەولێر، ئێمە لەگەڵ هەموو قایمقامیەتەکان، لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستی، لەگەڵ دامودەزگا ئەمنی و هەموو فەرمانگەکانی دیکەش هەموو ڕێکارێکی پێویستی خۆپارێزی دەگرینە بەر بۆ ئەوەی بتوانین تەندروستیی گشتی لە شارەکەمان بپارێزین و دڵنیایی دەدەینە هاووڵاتیانی شارەکەمان ڕەوشی بازار کۆنترۆڵ دەکەین و ڕێگە نادەین کەسانی هەلپەرست ڕەوشە بۆ قازانجی مادی بقۆزنەوە".

پارێزگاری هەولێر هاوکات جەختی کردەوە: "ئێمە لەڕێگەی لێژنەکانی قایمقامیەتەوە هەموو ڕێکارێکمان گرتووەتە بەر و ڕای دەگەیەنین لە هیچ کەس و لایەنێک قبووڵ ناکەین کە ئەم دۆخە بقۆزێتەوە بۆ گرانکردنی نرخی شتومەک و کاڵا پێویستەکان لە بازاڕی هەولێر و هاوکات بۆ پێشگیری لەم نەخۆشییە و پاراستنی تەندروستیی گشتی بڕیارمان داوە بۆنەکانی ئادار و نەورۆز ڕابگرین و ئەمەش لەپێناو بەرژەوەندیی گشتیدایە".













باسنيوز



Top