وەزیری تەندروستی: هیچ گەشتیارێکی گەڕاوە بۆ کوردستان تووشی کۆرۆنا نەبووە
د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، تاوەکو ئێستا حەوت کەیسی گومانلێکراو هەبووە، شەشیان پشتڕاستبوونەتەوە کە تووشی کۆرۆنا نەبوونە و یەک کەیسیشیان لەژێر پشکنیندایە.
وەزیری تەندروستی دەڵێت، رۆژانە داتا و زانیارییەکان لەبارەی ڤایرۆسەکە بڵاودەکەینەوە و هاونیشتمانییان پێویست ناکات تووشی شڵەژان و دڵەڕاوکێ ببن "شڵەژانێک لەنێوان هاونیشتمانییان هەیە و ئەوە پێویستی بە هێوربوونەوە هەیە و هەموو لایەک دەبێت پابەند بن بە رێنماییە تەندروستییەکان".
لەبارەی قەرەنتینەکردنی ئەوانەی لە ئێران گەڕاونەتەوە، وەزیری تەندروستی دەڵێت لە هەموو شارەکانی هەرێمی کوردستان شوێنی تایبەتیان داناوە و چاودێرییان دەکەن و بەردەوام دەبن لە پەیڕەوکردنی ئەو رێکارانە. ئەو کەسانە چاودێری تەندروستییان دەکرێت، چونکە ئەو ڤایرۆسە لە 14 رۆژدا دیاریدەکرێت.
ئەو کەسانەی پشکنینیان بۆ دەکرێت، وەزیری تەندروستی دەڵێت، لە رێگەی کیتی تایبەتی پشکنینی کۆرۆنا پشکنینەکان دەکرێت و لەماوەی سێ بۆ چوار کاژێر ئەنجامەکان رادەگەیێنن. هەر گومانلێکراوێکیش هەبێت نایبەینە نێو نەخۆشەکان و لە شوێنێکی جیاواز دایدەنەین.
وەزیری تەندروستی داوای لە هاونیشتمانییان کرد، خۆیان لە شوێنە قەرەباڵخەکان بەدوور بگرن، هەرچەندە لیژنەکانی ئەوان بەردەوام چاودێری بازاڕ دەکەن و ئەگەر شوێنێک بزانن پابەندی رێنماییە تەندروستییەکان نییە، دایدەخەن.
ئەنجوومەنی وەزیران بودجەی پێویستی بۆ وەزارەتی تەندروستی دابینکردووە بۆ دابینکردنی پێداویستییە تەندروستییەکان بۆ هەموو ناوچەکان و پێداویستی لۆجیستی بۆ هەموو پارێزگاکان.
