بەهۆی کێشەیەکەوە لەسەر بەنزین کەسێک لە شارۆچکەی ژاراوە کوژرا

بەهۆی کێشەیەکەوە لەسەر بەنزین کەسێک لە شارۆچکەی ژاراوە کوژرا
شەوی رابردوو بەهۆی داخستنی سنوورەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئێران، قەرەباڵخییەکی زۆر لەسەر بەنزینخانەکان دروستبوو، بەهۆی دروستبوونی کێشەش لەکاتی وەرگرتنی بەنزین لە شارۆچکەی ژاراوە، ‏کەسێک کوژرا و کەسێکی دیکەش برینداربوو.‏

بەکر بایز، قایمقامی پشدەر لەبارەی هۆکاری رووداوەکە راگەیاند، دوێنێ شەو لەکاتی ‏وەرگرتنی بەنزین لە بەنزینخانەیەکی ژاراوە کێشە دروستبووە و کەسێک ‏زللەیەکی لە کەسێکی دیکە داوە، ئەمڕۆ خانەوادی ئەو کەسەی زللەکەی لێدراوە ‏چوونەت سەر ماڵی کەسەکەی دیکە و کەسێکیان بەناوی واحید عەبدوڵڵا ـی تەمەن 40 ساڵیان ‏کوشتووە، ئەوانیش کەسێکیان لەوان برینداکردووە.‏

قایمقامی پشدەر ‏باسی لەوە کرد، هێزە ئەمنییەکان بارودۆخەکەیان کۆنترۆڵ کردووە و ‏بکوژەکانیش دەستگیرکراون.‏

پۆلیسی راپەڕین لەبارەی رووداوەکەوە راگەیێندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و ئاماژە بەوە دەکات، ئەو هاونیشتمانییە لەدایکبووی 1978ـە، پیشەی کاسب بووە و دانیشتووی ژاراوە - قەزای پشدەر (قەڵادزێ) بووە.

بە گوتەی پۆلیس، چوار کەس دەستگیر کراون، لە رووداوەکەدا چەکی کڵاشینکۆف به‌كارهاتووه‌ و کەسێکیش برینداربووە کە ئاسەواری گولـلـە بەقاچیەوە هەیە و یه‌كێكه‌ له‌ ده‌ستگیركراوه‌كان.

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی راپەڕین ئەوەشی گوتووە، رووداوەکە لەلایەن هێزەکانیانەوە کۆنترۆڵکراوە و دۆسیەی لێکۆڵینەوەش بۆ رووداوەکە کراوەتەوە.

هاوکات تەندروستی قەڵادزێ رایگەیاندووە، کاژێر 06:10 خولەکی ئەمڕۆ 25-2-2020 تەرمی هاووڵاتییەک گەیشتە نەخۆشخانە، کاری پێویستی بۆ کراوە و رادەستی کەسوکارەکەی کراوەتەوە.
Top