ئهنجوومهنى وهزیران ڕۆژانى پشووى فهرمى ڕاگهیاند
ئەمڕۆ سێشەممە 2020/2/25، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و پارێزگارەکانی هەرێم و سەرپەرشتیاری هەردوو ئیدارەی گەرمیان و راپەڕین، کۆبوونەوەی ئاسایی هەفتانەی خۆی ئەنجام دا.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان تیشکی خستە سەر سەردانی هەفتەی ڕابردووی شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی بۆ بەشداری لە کۆنفرانسی میونیخ و دیداری پاپای ڤاتیکان و بەرپرسە باڵاکانی ئیتاڵیا، مهسرور بارزانى ئاماژەی بەوە دا کە پێشوازییەکی شایستە و گرنگ لە شاندی هەرێم کرا کە نیشانی دا هەرێمی کوردستان پێگەیەکی زۆر گرنگی هەیە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە چاوی ڕێزەوە لە هەرێمی کوردستان دەڕوانێت و پێزانینی هەیە بۆ ڕۆڵی هەرێمی کوردستان لە بواری ڕووبەڕووبوونەوەی توندڕۆیی و بەیەکەوەژیانی ئایینی .
پاشان سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە هەوڵەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی فیدراڵ کرد و جەختی لەوە کردەوە کە دەبێ تەنیا دامودەزگا فەرمی و دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان بڕیار لەسەر شێوازی بەشداریی نوێنەرانی هەرێمی کوردستان بدات و لایەنەکانی هەرێمی کوردستانیش هاوهەڵوێستن لە سەر ئەم بابەتە.
کۆبوونەوەکە هەروەها گفتوگۆی دەربارەی پلان و هەنگاو و ڕێکارەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسیی ڤایرۆسی کۆرۆنا کرد، د. سامان بەرزنجی، وهزیرى تهندروستى ڕاپۆرتێکی دەربارەی دوایین زانیاریی و پێشهاتەکانی ڤایرۆسەکە و کێشە و پێشنیارەکانی چارەسەریی پێشکەش کرد، سهرۆكى حكوومهتى ههرێمى كوردستان ئاماژەی بەوە دا کە سەلامەتی و پاراستنی ژیانی هاووڵاتییان لە سەرووی هەموو شتێکەوەیە و هەموو هەوڵێک دەدەین و ڕێوشوێنی پێویست دەگرینە بەر بۆ پاراستنی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان.
ئەنجوومەنی وەزیران لەمبارەیەوە بڕیاری دا:
• رۆژانە زانیاریی دروست و رێنمایی پێویست لە ڕێگەی دەزگاکانی ڕاگەیاندنەوە بە ڕای گشتی بدرێت.
• لە ڕۆژی چوارشەممە 2020/2/26 لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن و قوتابخانە و باخچە و پەیمانگا حکوومی و تایبەتییەکانی هەرێمی کوردستان تا ڕۆژی 2020/3/10 بکرێتە پشوو، سەبارەت بە زانکۆ و پەیمانگا حکوومی و تایبەتەکانیش، لە ڕۆژی شەممە 2020/2/29 تا 2020/3/10 پشووی فەرمی دەبێت، دواتریش لە 11 تا 23/3/2020 پشووی ساڵانەی بەهار دەبێت و لە رۆژی 2020/3/24، پرۆسەی خوێندن دەست پێدەکاتەوە، هەردوو وەزارەتیش سەرپشک دەکرێن بۆ قەرەبووکردنەوەی ڕۆژانی پشوو لە چوارچێوەی ئەمساڵی خوێندندا.
• بڕیار درا گەشتی ناپێویست لە نێوخۆی هەرێمی کوردستان، یان ئەو گەشتیارانەی لە شارەکانی دیکەی عێراق دێنە هەرێم بۆ ماوەیەکی دیاریکراو سنووردار بکرێت و پشکنینی پێویستیش بۆ هەموو ئەو گەشتیارانە بکرێت کە دێنە ناو سنوورەکانی هەرێمی کوردستان.
• بە هیچ شێوەیەک ڕێگە بە قۆرخکردن و گرانکردنی شتوومەک لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان نادرێت و ڕێوشوێنی یاسایی توند بەرامبەر سەرپێچیکاران دەگیرێتە بەر، چاوپۆشیش لە پشکنینی پزیشکی ئەوانەش ناکرێت کە دێنە ناو هەرێمی کوردستانەوە.
• حکوومەتی هەرێمى كوردستان دڵنیایی دەدات کە گشت پێداویستییەکانی هاووڵاتییان دابین دەکات و جموجۆڵی بازرگانی بەردەوام دەبێت بە رەچاوکردنی رێنماییە تەندروستییەکان.
• ئەنجوومەنی وەزیران، وەزارەتی دارایی و ئابووری ڕاسپارد کە پێداویستیی پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان دابین بکات، پێشنیارەکانی هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و تەندروستیش پەسەند کران و هەردوو وەزارەتەکە ڕاسپێردران بۆ جێبەجێکردنیان.
• ئەنجوومەنی وەزیران داوا لە هاووڵاتییانیش دەکات کە هاوکاریی جێبەجێکردنی پلان و ڕێنماییەکانی دامودەزگا پەیوەندیدارەکانی حکوومەت بن و ڕێنماییەکانی خۆپارێزیش لەبەرچاوبگرن و جێبەجێی بکەن.
باسنيوز
