وەزارەتی پێشمەرگە راگەیاندراوێكی بڵاوكردەوە
لە راگەیاندراوەكەدا هاتووە كە وەزارەتی پێشمەرگە لەگەڵ وەزارەتی بەرگریی عێراقی فیدڕاڵ گەیشتوونەتە رێککەوتن لەسەر کاراکردنەوەی لیژنە هەمیشەییەکانی نێوانیان و لەلایەن وەزارەتی بەرگریی عێراقەوە، بڕیار درا شایستە داراییەکانی هێزی پێشمەرگه بۆ ساڵەکانی ٢٠١٩ و ٢٠٢٠ و ساڵانی دواتریش بنێردرێت.
وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بڕیاری وەزارەتی بەرگریی عێراق و وەزیری بەرگری بە هەنگاوێکی بوێرانە و سەرەتایەکی باشی پتەوکردنەوەی زیاتری پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا لە قەلەم داوە.
راگەیاندراوەكە هەروەها دەڵێ "بڕیاری ناردنی شایستە داراییەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لەلایەن عێراقەوە، جێگەی پێزانینی زۆر و پابەندبوونی نیشتیمانیانەیە بە دەستووری هەمیشەیی. لە کاتێکدا و لە ساڵانی رابردوو، هێزی پێشمەرگە وەک بەشێک لە سیستمی بەرگریی عێراق، بێ بەش کرابوو لەو شایستە داراییانەی کە مافی خۆی بوون، لە ئێستاشدا بڕیاری ناردنی شایستە داراییەکان و جێبەجێکردنی، گەڕاندنەوەی متمانە و پەرەدانی زیاتر دەبێت بۆ پتەوکردنی پەیوەندیەکان و ئامادەسازی باشتریش بۆ رووبەڕووبونەوەی تیرۆر و تیرۆریستان".
وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان نووسیویەتی كە بەردەوام دەستپێشخەری کردووە لە هێورکردنەوەی دۆخەکە، کە دەرئەنجام سەقامگیری و ئارامی ناوچەکەی لێ دەکەوێتەوە، ئەو لێکتێگەیشتنەی ئێستاش لە ئارادایە بە ئاراستەیەکی دروست هەنگاو دەنێت.
جێی باسە کۆبوونەوەی وەفدی باڵای نێوان هەردوو وەزارەتی پێشمەرگە بە سەرۆکایەتی شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە و وەفدی وەزارەتی بەرگریی فیدڕاڵ بە سەرۆکایەتی نەجاح شەمەری وەزیری بەرگریی عێراق بوو.
باسنيوز
