تەندروستیی سلێمانی ڕەتی دەکاتەوە دایک و کچێک تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووبن

تەندروستیی سلێمانی ڕەتی دەکاتەوە دایک و کچێک تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووبن
جێگری بەرێوەبەری تەندروستیی سلێمانی ڕەتی دەکاتەوە کە گوایە دایک و کچێک لە سلێمانی تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووبێتن.

لەمبارەوە د. ھێرش سەرلیم، جێگری بەڕێوبەری تەندروستیی سلێمانی، ڕایگەیاند: "ھیچ حاڵەتێکی گوماناوی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە شاری سلێمانی تۆمار ناکراوە و ئەو دایک و کچەی لەناو خەڵکدا بڵاو بووەتەوە گوایە لە وڵاتی ئێران گەڕاونەتەوە و تووشی ئەو ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، بە ھیچ شێوەیەک ڕاست نییە و تەنھا تووشی پەتا بوون و ئێمە چارەسەریان بۆ دەکەین".

گوتیشی: "بەھۆی سەرماوە ڕەنگە بەشێکی زۆری ھاووڵاتیان تووشی پەتا بووبێتن، بەڵام ھەر کەسێک تووشی پەتا بوو بێت، مانای ئەوە نییە ئەو کەسە ھەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنا ببێت، ھەر کەسێکیش لە ئێران گەڕابێتەوە، ئەگەر تووشی پەتا بووبێت، ئێمە بە ھەستیارییەوە مامەڵەی لەگەڵدا دەکەین و پشکنینی پزیشکیی وردیان بۆ دەکەین".

دکتۆر ھێرش سەلیم، ئاماژەی بەوەش کرد: "ئەگەر کەسێک تووشی پەتا بێت، ئێمە پشکنینی تاقیگەی بۆ دەکەین، ئەگەر ھەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنا بێت، ئەوکاتە ئێمە بۆ ڕای گشتی بڵاو دەکەینەوە، بەڵام تاکوو ئێستا ھیچ حاڵەتێکی کۆرۆنا تۆمار نەکراوە".











باسنیوز


Top