عوسمان بایدەمیر: رۆڵی سهرۆک بارزانی بۆ یهکبوونی کوردان گهلهک گهلەک گرنگە
لەمبارەوە عوسمان بایدەمیر لە گوتەیەکدا گوتی: "بەرلە هەر شتێک بۆ من ئەم ڕۆژە و ئەم دەمە ڕۆژ و دەمێکی دیرۆکییە، شەرەفێکی گەورەیە بۆ من کە ئەمڕۆ من لەگەڵ هەموو پارتە سیاسییەکان لەناو پەرلەمانی کوردستانم، بەڕاستی ئەمە دەرفەت و سوودێکی گەلێک مەزنە بۆ هەر چوار پارچەی کوردستان و هاوکات بوونی پەرلەمانی کوردستان و دامودەزگاکانی هەرێم، قزانج و دەرفەتێکە بۆ هەموو گەل و پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینزاکانی هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست".
عوسمان بایدەمیر، ئاماژەی بەوەش کرد: "ئەمڕۆ من بە چاوی خۆم دیتم کە پەرلەمانی کوردستان، هاوکات پەرلەمانی هەم هی کورد، تورکمەن، ئەرمەنی و عەرەب، موسڵمان، کاکەیی و ئێزدی و گشت ئایینزاکانە، ئەو شتە گرنگەی کە ئێمە دەمانەوێ هەر ئەمەیە و ئەمە نوومنەیەکە کە ئێمە دەمانەوێ هاوشێوەکەی لە تورکیا و لە سووریا و لە تاران پێک بهێندرێت و ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە ئاشتی و دیموکراسی بەدوای خۆیدا بهێنێت".
ئەو سیاسەتەمدارەی کورد گوتیشی: "من زۆر خۆشحاڵم کە ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستان بە ڕێککەوتن و هاوبەش و تێگەیشتن خەباتی پەرلەمانی بەردەوامە، من لە هەولێر و سلێمانی و بەغدا سەردانی لایەنەکانم کرد، ئەم ئازادی و ئارامییەی کە ئێستا هەیە، پێشتر نەبووە، ئەمەش پێک نەدەهات و ئەمەش بە قوربانی و خوێنی سەدان شەهید هاتووەتە دی و ئەمنیش وەک ڕۆڵەیەکی کورد لە ەبرانبەر ئەو قوربانیدانەی هەموو شەهیدانی چوار پارچەی کوردستان سەردادەنوێنم کە ئەوان گیانی خۆیان فیدا کرد کە ئەم ئارامی و سەقامگیرییە بپارێزرێت".
ئاماژەی بەوەش کرد: "دەبێ هەموو لایەکمان هەوڵ بدەین ئەم شوێن و ئاواهییە سەقامگیرە لە هەر چوار پارچەی کوردستان لەپێناو دیموکراسی و ئاشتی و ژیانێکی هاوبەش پێک بێت، بۆ ئەم مەبەستەش من خەونێکم هەیە کە ئەویش لەپێناو ئاشتی و ئارامی و سەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەناگو هەڵبگرین و پێشەنگ بین، پارت و حیزبە کوردستانییەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان ئێمە پێکەوە دەتوانین ستراتژییەکی هاوبەش دابڕێژین بۆ ئەوەی ڕێککەوتن و کاری هاوبەش لە نێوان لایەنەکان بەدی بێت و ئەو ڕێککەوتنەش ببێتە بنەمایەک بۆ ئارامی و سەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەتا شەڕ و کوشتن نەمێنێت و گرفتەکان لەڕێگەی دانوستانەوە چارەسەر بکرێن و هیوادارم هەرکەس لەم پێناودا هەرچی لەدەستی دێت درێغی نەکات."
لەبارەی ڕۆڵی سەرۆک بارزانی لە لێک نزیککردنەوەی لایەنە کوردستانییەکان عوسمان بایدەمیر گوتی: "رۆڵی سهرۆک بارزانی بۆ یهکبوونی کوردان لهههر چوار پارچه گهلهک گهلک گرنگه".
باسنيوز
