سەندیکای دەرمانسازانی هەولێر: هیچ دەرمانخانەیەک بۆی نییە لەبارەی کۆرۆناوە لێدوانبدات

سەندیکای دەرمانسازانی هەولێر: هیچ دەرمانخانەیەک بۆی نییە لەبارەی کۆرۆناوە لێدوانبدات
رۆژی شەممە 22-02-2020 سەندیکای دەرمانسازانی هەولێر لەبارەی بڵاوبوونەوەی هەندێک ڤیدیۆ لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان لەسەر کۆرۆنا و دروستکردنی دڵەڕاوکێ لەنێو هاونیشتمانییاندا کۆبووەوە و چەند بڕیاری دەرکرد و راگەیێنراوێکیان بڵاوکردەوە کە تێیدا ئاماژە بەوە کراوە، هیچ دەرمانخانەیەک بۆی نییە لەبارەی کۆرۆناوە لێدوانبدات.

لە راگەیێنراوەکەی سەندیکای دەرمانسازانی هەولێردا هاتووە، جگە لە وەزارەتی تەندروستی و وەزیری تەندروستی، هیچ دەرمانساز و دەرمانخانەیەک بۆی نییە لێدوان لەبارەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە بدات و تەنیا دەبێت بابەتی هۆشیاریی تەندروستی و خۆپاراستن لە ڤایرۆسەکە بخەنەڕوو، بەپێچەوانەوە بە تووندترین شێوە سزادەدرێن.

هەروەها لە راگەیێنراوەکەدا باس لەوە کراوە، پێویستە دەرمانخانەکان رێنماییە تەندروستییەکانی تایبەت بەو ڤایرۆسە لە دەرمانخانەکانیاندا هەڵبواسن و بۆ هاونیشتمانییانیان روون بکەنەوە.

هاوکات سەندیکای دەرمانسازان جەختی لەوە کردووەتەوە، داوا لە کۆمپانیاکانی دەرمان و پێداویستیی پزیشکی دەکەن پابەندی ئەرکی نیشتمانییان بن و خۆیان لە قۆرخکاری بەدووربگرن.

سەندیکای دەرمانسازان هۆشداری بە دەرمانخانەکان دەدات کە نابێت بڕی زیاد لە پێویست "دەمامک، دەستکێش و خاوێنکەرەوە" بە هاونیشتمانی بفرۆشن، بۆ ئەوەی قۆرخکاری دروستنەبێت.

لقی هەولێری سەندیکای دەرمانسازان داوا لە هاونیشتمانییان دەکات کە لەبارەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە تەنیا وەزارەتی تەندروستی بە سەرچاوەی هەواڵ و زانیاری بزانن.
Top