وەزیری ناوخۆ: هەر کەسێک دۆخەکە بقۆزێتەوە بۆ گرانکردنی نرخی کاڵاکان ڕووبەڕووی یاسا دەکرێتەوە
ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پرێس کۆنفرانسێکدا رای گەیاند: ”کۆبوونەوەیەکی زۆر تایبەت لە نێوان وەزارەت و دامەزراوەکانی حکوومەت و پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان و خاڵە سنوورییەکان و فڕۆکەخانەکان ئەنجام درا. دوای ئەوەی هەواڵی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا لە ئێران بڵاو بووەوە، ئێمە بە هەماهەنگی لەگەڵ حکوومەتی عێراقی فیدرال و وەزیرە بەڕێزەکانی عێراق، لە شەوی هەینی لەسەر شەممە، کۆمەڵێک ڕێنمایی و بڕیار دەرچوون کە لە وەزارەتی تەندروستییەوە پێشنیار کرابوون بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەکان و گشتاندنی بۆ کرا“.
هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستانیشی دڵنیا کردەوە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە هەموو دامەزراوەکانیەوە شەو و ڕۆژ لە خزمەتی هاووڵاتیاندا دەبێت بۆ ئەوەی هەرچی لە توانایدا بێت، دەیکات.
ئاماژەشی بەوە دا: ”ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی ڕۆژانە و هەموو کاتژمێرێک لەگەڵمان لەسەر خەتە، بابەتێکی دیکە پەیوەندیمانە لەگەڵ ئیران، تەنیا حاجی ئۆمەران و باشماخ و پەروێزخان هاووڵاتییان دەتوانن لێیانەوە بگەڕێنەوە، سەرجەم سنوورە نافەرمییەکان دادەخرێن، هەموو ئەو هاووڵاتیانەی دەیانەوێت بێنەوە هەرێمی کوردستان، ڕوو لەم سێ دەروازەیە بکەن و لەوانەی دیکە ڕێگەیان پێ نادرێت. داوا لە هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان دەکەین هاوکار بن لەگەڵ خاڵە سنوورییەکان و دامەزراوەکانی حکوومەت، هەر ڕێوشوێنێک کە پێشتر گرتوومانەتە بەر و ئێستاش، دەچێتە خانەی خزمەتکردنی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان. تاکی کوردستانی لە ئەولەویەت و بەرنامەی کاری حکوومەتی کاک مەسرور بارزانییە و تەندروستیی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بەلای ئێمەوە زۆر گرنگە“.
گوتیشی: ”ڕەنگە هەندێک شت بکرێت، بەتایبەتی ڕاگرتنی ئەوانەی لە ئێرانەوە دەگەڕێنەوە، ئەمە ڕێوشوێنێکە وەزارەتی تەندروستی و ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی پێیان باشە، ڕەنگە هەندێک هاووڵاتی لە دڵیان گران بێت کە بۆ خۆشی گەشتیان کردووە ئێستا ناچار دەبن چەند ڕۆژێک بمێننەوە، ئێمە داوای لێبووردنیان لێدەکەین، بەڵام ئەمە ئیجرائێکە لە خزمەت ئەوانە، داوا دەکەین هەرکەسێک دەوروبەری خۆی ئاگادار بکاتەوە“.
وەزیری ناوخۆ داوای لە دەزگاکانی راگەیاندن کرد، ”ئەم بابەتە وەک خۆی مامەڵەی لەگەڵدا بکەن. تەنیا لایەنی فەرمی لە هەرێمی کوردستان کە هەر داتایەک بە خەڵکی هەرێمی کوردستان بدات، وەزارەتی تەندروستییە. هەر لێدوانێک لە وەزارەتی تەندروستییەوە دەرنەچێت، نافەرمییە و حیسابی بۆ ناکرێت. قسەی نابەجێ بڵاوبۆتەوە کە گوایە خەڵک هەن گومانیان لەسەرە، ئەمانە دوورن لە راستییەوە، ئەگەر شتێک هەبێت ئێمە زۆر بە راستگۆیانە حەقیقەتەکە دەڵێن. داوای هاوکاری و پشتگیری لە هەموو لایەک دەکەین، بەتایبەتی دەزگاکانی راگەیاندن. لە هەمان کاتدا دۆستانمان لە ئێران ئاگادار دەکەینەوە کە ڕێوشوێنەکانمان بۆ بەرژەوەندیی هەردوولایە. ڕێوشوێنی پێویستیش بڕیاری لیدراوە تا ئاڵوگۆڕی بازرگانی نەوەستێت تاوەکوو کاریگەری نەکاتە سەر بازاڕ“.
دووپاتیشی کردەوە: ”هەر کەسێک سوود لەم دۆخە وەربگرێت بۆ گرانکردنی هەر کاڵایەک، بە شێوەیەکی یاسایی مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت، دۆخەکە ئاساییە لە هەرێمی کوردستان“.
وەزیری ناوخۆ لەبارەی خەڵکی ئێران لە هەرێمی کوردستان بە میدیاکانی گوت: ”خەڵکێکی زۆری ئێرانی بە ڕێزەوە لێرەن، ئەگەر بیانەوێت بچنەوە، بە ڕێزەوە بەڕێ دەکرێن، ئێمە نیازمان نییە گەشتیاری ئێرانی سنوورداش بکەین، ئەگەر بیانەوێت بگەڕێنەوە، لە سنوورەکان ئاسانکارییان بۆ دەکەین“. گوتیشی: ”دەمەوێت بڵێم کە سەرجەم ڕێوشوێنەکان بۆ خۆپاراستن بووە، هەرچی وەزارەتی تەندروستی و ناوخۆ کردوویەتی بۆ خۆپاراستنە، ئەگەر خوانەخواستە حاڵەتێک هاتە پێش، دەمانەوێت ئەوکاتە ئامادەبین، ئەگینا هەرێمی کوردستان سەلامەتە“.
باسنيوز
