عەلی حەمە ساڵح هۆشداریی توند لەبارەی کۆرۆنا و قاچاخی مەرزێکی سنووری سلێمانی دەدات
عەلی حەمە ساڵح، سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان بانگەوازێکی بڵاو کردەوە و ئاماژەی بەوە کرد: ”ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێران بڵاوبووەتەوە و مەترسییە لەسەر ھەرێمی کوردستان. پاش بەدواداچوون دەرکەوت ھیچ فلتەرێکی ئەوتۆ لە خاڵە سنوورییەکان نییە بۆ شۆفێری بارھەڵگرەکان“.
ئەوەشی ئاشکرا کرد کە ھەر دوێنێ شەو زیاتر لە ١٠٠ بارھەڵگری قاچاخ هاتوونەتە نێو هەرێمی کوردستان، ”نە بار و نە شۆفێر ھیچ پشکنین و تەنانەت ڕاگرتنێکیان نییە، بەداخەوە ساڵێکە ئەم بەرپرسانە خەریکی دزی و قاچاخین“.
عەلی حەمە ساڵح نووسیویەتی: ”بەڕێوەبەری مەرزی باشماخ دەڵێت: توانا کۆنتڕۆڵی دۆخەکەمان نییە، نە جیھازی پێویستی پشکنین ھەیە و نە بارھەڵگر رادەگیرێت، وەزیری تەندروستیمان ئاگادار کردووەتەوە و بڕیارە ئامێری پێویست بنێرن، بەڵام ناردنی ئەم ئامێرانەش ھیچ کاریگەری نابێت ئەگەر قاچاخ بەردەوامبێت و ھیچ شۆفێرێک نەخرێتە ژێر پشکنین“.
باسنيوز
