رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان: لایەنە پەیوەندیدارەکان پابەندن بە جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگا لە رووداوی کچە حەوت ساڵییەکە

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان: لایەنە پەیوەندیدارەکان پابەندن بە جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگا لە رووداوی کچە حەوت ساڵییەکە


لە چەند روژی رابردوودا لە سۆشیال میدیا بە شێوەیەکی بەرفراوان باس لە رووداوی دەستدرێژی کردنە سەر کچێکی تەمەن حەوت ساڵی دەکرێت، هەروەها چالاکوانان داوا دەکەن کە پێویستە لەم کەیسەدا یاسا سەروەر بێت و رۆڵی خۆی ببینێت.

د.دیندار زێباری رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێم رایگەیاند: سەروەری یاسا و پابەندبوون بە پرەنسیپەکانی پاراستنی مافەکانی مرۆڤ کارە پێشینەکان بوون لە کارنامەی حکومەتی هەرێم، سەبارەت بە کەیسی ئەو کچە حەوت ساڵییەش، بە پشت بەستن بە زانیارییەکانی لایەنە پەیوەندیدارەکان بەتایبەتی پۆلیس و دەسەڵاتی دادوەری، دوای پێشکەش کردنی سکاڵا لەلایەن کەسوکاری کچەکەوە، پێنج کەس دەستگیرکران.

رێکخەری راسپاردە نێودەڵەتییەکان زیاتر وتی :دوای ئەنجامدانی رێوشوێنی یاسایی و کۆتایی هێنان بە پەڕاوەکە لەلایەن پۆلیسەوە کەیسەکە رەوانەی دادگای تاوانەکانی هەولێر کران بۆ ئەنجامدانی رێوشوێنی یاسایی، دواتر له‌ قۆناغی دادگایی كردن له‌ دادگای تاوانه‌كان به‌ پێی یاساو ده‌سه‌ڵاته‌ رێپێدراوه‌كان تۆمه‌تباره‌كان به کەفالەت ئازاد کران، بەڵام ئێستا دەستگیر کراونەتەوە و کەیسەکە نێردراوەتە دادگای تاوانەکان بۆ ئەنجامدانی رێکاری یاسای و قۆناغی زۆری بڕیوە بۆ یەکلاکردنەوەی.

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان ئەوەشی راگەیاند: لە رێگای لایەنە پەیوەندیدارەکان لێکۆڵینەوەی ورد لە کەیسەکە بەردەوامە بەتایبەتی دەسەڵاتی دادوەری و دوای کۆکردنەوەی بەڵگەی تەواو بڕیار لەسەر کەیسەکە دەدرێت و لایەنە پەیوەندیدارەکانی پابەندن بە جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگا، هەروەها گشت لایەنە پەیوەندیدارەکانی لەسەر هێڵن سەبارەت بەم کەیسە بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکانی یاسا به‌سه‌ر تاوانباران بەبێ جیاوازی، هەروەها بەڕێز وه‌زیری ناوخۆ لیژنه‌یه‌کی لێکۆڵینه‌وه‌ی پێکهێناوە.

دیندار زێباری رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە کۆتایی لێدوانەکەیدا رایگەیاند: ئەگەر بە بەڵگەوە سەلمێنرا کە هەر کەسێک لەلایەنە پەیوەندیدارەکان پێشێلکاریی ئەنجامداوە لە میانەی پڕۆسەی لێکۆڵینەوە وەک هەرەشە و ترساندنی کەسوکاری قوربانییەکە، ئەوا بێ جیاوازی رێکاری یاساییان بەرامبەر دەگیرێتە بەر و سزایان بەسەردا جێبەجێ دەكرێت.

لەلایەکی دیکەوە لە میانەی لێکۆڵینەوەکان لایەنە پەیوەندیدارەکان ئاگاداری وردەکاریەکانی پڕۆسەکە بوون و زانیارییان دەربارەی هەبووە.
Top