تەندروستیی سلێمانی: سەردانیکردنی نەخۆش لە نەخۆشخانەکان قەدەخەکرا

تەندروستیی سلێمانی: سەردانیکردنی نەخۆش لە نەخۆشخانەکان قەدەخەکرا
بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی سلێمانی لە راگەیێنراوێکدا رایگەیاند، سەردانیکردنی هاونیشتمانیان بۆ لای نەخۆش لە نەخۆشخانەکاندا قەدەخەکرا.

لە راگەیێنراوەکەدا هاتووە، لەپێناو پاراستنی گیانی هاونیشتمانییاندا سەردانیکردن لە هەموو نەخۆشخانەکان تاوەکو کاتێکی نادیار قەدەخەکراوە.

بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی سلێمانی ئاماژە بەوە دەکات، داوا لە هاونیشتمانیان دەکەن بە بڕیارەکەوە پابەند بن و هاوکاریان بن.

هاوکات بە فەرمانی وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و بۆ پاراستنی تەندروستیی سزادراوان و کەسوکاریان، سەردانیکردنی سزادراوانی بەندیخانەکان لەلایەن کەسوکاریانەوە لە ئەمڕۆ هەینییەوە رادەگیرێت.

پێشتر بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی ھەرێمی کوردستان هاتووچۆی گەشتیاران لە سنوورەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتی ئێران راگیرا و بۆ رێگریی لە گواستنەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێرانەوە بۆ هەرێمی کوردستان، هەموو جۆرە هاتن و چوونێک راگیراوە.

شەوی رابردوو کۆمەڵگەی دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند "دوای بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، لەبەڕێوەبەرایەتی نشینگەی پارێزگای سلێمانییەوە بنکەی نشینگەی پەروێزخان ئاگادار کرایەوە، کە لە کاژێر 00:00ی 21-2-2020 ەوە هاتووچۆی گەشتیاران لە عێراقەوە بۆ ئێران و بەپێچەوانەشەوە رابگیرێت".
Top