وەزیری تەندروستی داوا دەکات سنوورەکانی کوردستان بە رووی هاووڵاتیانی ئێران دابخرێن
لە نووسراوێکدا کە واژۆی د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستانی لەسەرە و ئاراستەی وەزارەتی ناوخۆی کردووە داوا دەکات، ئەو رێگرییە هاونیشتمانییانی هەرێمی کوردستان نەگرێتەوە کە ئێستا لە کۆماری ئیسلامیی ئێرانن، بەمەرجێک پابەندی رێکارەکانی وەزارەتی تەندروستی بکرێن کە خۆی لە قەرەنتین و چاودێریکردن بۆ ماوەی 14 رۆژ دەبینێتەوە.
هەر لە نووسراوەکەی وەزیری تەندروستیدا هاتووە، رێگری لە گشت هاونیشتمانییانی هەرێمی کوردستان و عێراق بکرێت لە سەردانیکردنی کۆماری ئیسلامیی ئێران تاوەکو کاتێکی نادیار.
وەزیری تەندروستی ئەو هەوڵەی بە یەکخستنی هەوڵەکان و هاوئاهەنگی لەگەڵ عێراق بۆ خۆپاراستن لە ڤایرۆسی کۆڤید- 19 (کۆرۆنا) دادەنێت. دەشڵێت ئەوە دوای دڵنیابوون لە تۆمارکردنی شەش حاڵەت بە ڤایرۆسەکە و گیانلەدەستدانی دووان لەو تووشبووانە دێت.
هاوکات د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی راگەیاند، تاوەکو ئێستا وەزیری ناوخۆ وەڵامی داواکەیانی نەداوە.
