دكتۆر عەرەفات کەرەم ستونی: عەللاوی، وەک پارێزگاکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق لەگەڵ هەرێمی کوردستان مامەڵە دەکات

دكتۆر عەرەفات کەرەم ستونی: عەللاوی، وەک پارێزگاکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق لەگەڵ هەرێمی کوردستان مامەڵە دەکات
شاندی هەرێمی کوردستان چەند رۆژێکە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق لە دانوستاندن و کۆبوونەوەدان. ئەندامێکی شاندەکەش دەڵێت، تاوەکو ئێستا هیچ رێککەوتنێک نەکراوە، بەڵام دانوستاندنەکان بەردەوامن.

عەرەفات کەرەم، ئەندامی شاندی دانوستاندنکاری هەرێمی کوردستان بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند، چەند رۆژێکە بۆ گفتوگۆکردن لەبەغدان، بەڵام ئەو میکانیزمەی کە محەممەد تۆفیق عەللاوی لەگەڵ هەرێمی کوردستان مامەڵەی پێدەگات بەدڵی شاندی کوردی نییە و وەک خۆی دەڵێ "قبووڵ ناکرێت".

عەرەفات کەرەم دەڵێ "عەللاوی، وەک پارێزگاکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق لەگەڵ هەرێمی کوردستان مامەڵە دەکات، لەکاتێکدا هەرێمی کوردستان بەپێی دەستوور قەوارەیەکی سەربەخۆیە و خاوەنی حکومەت، پەرلەمان و سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانە".

عەرەفات کەرەم ئەوەشی گوت "گفتوگۆکان تاوەکو ئێستا هیچ ئەنجامێکیان نەبووە، بەڵام لە گفتوگۆکان بەردەوامین".

رۆژی یەكشەممە 01-02-2020 د. بەرهەم ساڵح، سەرۆككۆماری عێراق بە فەرمی محەممەد عەللاویی بۆ پۆستی سەرۆكوەزیرانی عێراق و پێكهێنانی حكومەت راسپارد، ئێستاش عەللاوی لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان دەستی بە گفتوگۆ كردووە ‌و كوردیش بە یەك شاند بەشداریی گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكومەت دەكات.

پێشتر سەلیم شوشکەیی، ئەندامی شاندەکە بە رووداوی راگەیاند، وەك حیزبە كوردستانییەكان جەخت لە دانانی كەسانی بەتوانا دەكەنەوە بۆ پۆستی وەزیری نەك تەنیا پێوەری حیزبیبوون یان سەربەخۆبوون، "پشكی كورد بۆ بەربژێری وەزیر لە كابینەی نوێدا، سەربەخۆبێت یان حیزبی ئێمە وەك حیزبە كوردستانییەکان دیاریی دەكەین، نەك محەممەد عەللاوی بۆمان دیاری بكات".


لە میانی بەشداری لە پرۆگرامی نووڕۆژی دۆستانی تۆڕی میدیایی رووداو، هەرێم کەمال ئاغا، ئەندامی شاندی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا رایگەیاند، محەممەد تۆفیق عەللاوی پێی گوتوون، پابەندە بە ناردنی بەشە بودجە و مووچەی خەڵکی کوردستان و بە پرسێکی ئەخلاقیش ناوی هێناوە. عەللاوی رایگەیاندووە لە مەسەلەی ئەمنیەتی کەرکووک و ناردنی شایستە داراییەکانی جووتیارانیش هاوکار دەبێت.

هەرێم کەمال ئاماژەی بەوەشکرد "کۆبوونەوەکان بەردەوامیان دەبێت، بڕیارە رۆژی شەممە شاندی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەڕێز مالیکی کۆببێتەوە، دواجار وەڵامی کورد بە بەڕێز محەممەد تۆفیق عەللاوی دەگەیێندرێت".

سەبارەت بە چارەنووسی پشکی کورد لە کابینەی نوێ، هەرێم کەمال ئاغا ئاماژە بەوە دەدات، پشکی کورد لەو کابینەیەش هەر سێ وەزیر دەبێت، "وەک محەممەد تۆفیق عەللاوی ئاماژەی پێدا وەزارەتەکانی دارایی، داد و بازرگانی بە کورد دەدرێن".





رووداو
Top