عەرەفات کەرەم: تاوەکو ئێستا هیچ رێککەوتنێک لەگەڵ عەللاوی نەکراوە
عەرەفات کەرەم، ئەندامی شاندی دانوستاندنکاری هەرێمی کوردستان بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق راگەیاند، چەند رۆژێکە بۆ گفتوگۆکردن لەبەغدان، بەڵام ئەو میکانیزمەی کە محەممەد تۆفیق عەللاوی لەگەڵ هەرێمی کوردستان مامەڵەی پێدەگات بەدڵی شاندی کوردی نییە و وەک خۆی دەڵێ "قبووڵ ناکرێت".
عەرەفات کەرەم دەڵێ "عەللاوی، وەک پارێزگاکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق لەگەڵ هەرێمی کوردستان مامەڵە دەکات، لەکاتێکدا هەرێمی کوردستان بەپێی دەستوور قەوارەیەکی سەربەخۆیە و خاوەنی حکومەت، پەرلەمان و سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانە".
عەرەفات کەرەم ئەوەشی گوت "گفتوگۆکان تاوەکو ئێستا هیچ ئەنجامێکیان نەبووە، بەڵام لە گفتوگۆکان بەردەوامین".
رۆژی یەكشەممە 01-02-2020 د. بەرهەم ساڵح، سەرۆككۆماری عێراق بە فەرمی محەممەد عەللاویی بۆ پۆستی سەرۆكوەزیرانی عێراق و پێكهێنانی حكومەت راسپارد، ئێستاش عەللاوی لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان دەستی بە گفتوگۆ كردووە و كوردیش بە یەك شاند بەشداریی گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكومەت دەكات.
پێشتر سەلیم شوشکەیی، ئەندامی شاندەکە راگەیاند، وەك حیزبە كوردستانییەكان جەخت لە دانانی كەسانی بەتوانا دەكەنەوە بۆ پۆستی وەزیری نەك تەنیا پێوەری حیزبیبوون یان سەربەخۆبوون، "پشكی كورد بۆ بەربژێری وەزیر لە كابینەی نوێدا، سەربەخۆبێت یان حیزبی ئێمە وەك حیزبە كوردستانییەکان دیاریی دەكەین، نەك محەممەد عەللاوی بۆمان دیاری بكات".
