داعش گەنجێکی لە خانەقین بە 50 هەزار دۆلار ئازادکرد

داعش گەنجێکی لە خانەقین بە 50 هەزار دۆلار ئازادکرد
چەکدارانی داعش گەنجێکی دانیشتووی خانەقینیان بە 50 هەزار دۆلار ئازادکرد کە یەکێکە لەو حەوت کەسەی داعش لە ماوەی رابردوودا رفاندنی.

موقەدەم عوسمان محەممەد، بەڕێوەبەری ئاسایشی کفری راگەیاند "کەمێک پێش ئێستا چەکدارانی داعش بە بڕی پێنج دەفتەر دۆلار هاووڵاتییەکی بە رەچەڵەک عەرەبی دانیشتووی خانەقینیان بەناوی مونیر علی نەجم ئازادکرد".

بەڕێوەبەری ئاسایشی کفری گوتیشی "دوای گرتنیان لەلایەن چەکدارانی داعشەوە پەیوەندی کراوە بە کەسوکاریانەوە و داوای پارەیان کردووە، دواجار لەسەر ئەو بڕە رێککەوتوون و لە نزیک گوندی دێدانی سەر بە ناحیەی جەبارە ئازادیان کردوون کە سێ کیلۆمەتر لە شەقامی سەرەکیی جەبارە خوورماتووەوە دوورە".

شەوی 30/31-1-2020 چەند چەکدارێک لەسەر رێگەی قەرەتەپە گوڵاڵە حەوت هاووڵاتییان رفاند، بەرپرسی کۆمیتەی قەرەتەپەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش رایگەیاند، یەکێک لە رفێندراوەکان کوژراوە و بەیانیی رۆژی هەینی 31-1-2020 تەرمەکەی دۆزراوەتەوە.
Top