سەرۆك بارزانی پێشوازی لە سەڵاحەدین بەهائەدین كرد

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە سەڵاحەدین بەهائەدین كرد
ئەمڕۆ چوارشەممە سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە سەڵاحەدین محەمەد بەهائەدین ئەمینداری گشتیی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان و شاندێكی یاوەری كرد.

بارەگای بارزانی بڵاوی كردەوە كە لە دیدارەكەدا سەرۆك بارزانی پیرۆزبایی سەركەوتنی كۆنگرەی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستانی لە شاندەكەی یەكگرتوو كرد، كە پێكهاتبوون لە سەڵاحەدین بەهائەدین، هادی عەلی سەرۆكی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی یەكگرتوو، سەڵاحەدین بابەكر كارگێڕی ئەنجوومەنی جێبەجێكردن و محەمەد هاودیانی بەرپرسی پەیوەندییەكانی یەكگرتوو.

سەرۆك بارزانی پێزانینی هەبوو بۆ ڕۆڵ و میانڕۆیی و هەڵوێستەكانی یەكگرتوو لە پڕۆسەی سیاسی و قۆناغە هەستیارەكانی ژیانی سیاسیی هەرێمی كوردستاندا.

هەر لەو كۆبوونەوەیەدا بیروڕا لەبارەی پێشهات و گۆڕانكارییە سیاسییەكان لەسەر ئاستی ناوچەكە و قەیرانی سیاسی لە عێراق و پڕۆسەی پێكهێنانی حكوومەتی تازەی عێراق ئالوگۆڕ كرا.

بارودۆخی هەرێمی كوردستان و گرەوەكانی بەردەم گەلی كوردستان تەوەرێكی تری ئەو دیدارە بوو و هەوڵدان بۆ دەستبەركردنی برایەتی و تەبایی سیاسی و یەكڕیزی لە پرسە نیشتیمانییەكان بە پێویست زانرا و جەختیش لە كاری هاوبەشی لایەنەكان و دامەزراوەكانی هەرێم كرایەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو هەڕەشانەی كە ئاساییشی كۆمەڵایەتی و پەروەردە و بەهاكانی كۆمەڵگەی كوردستانی دەكەنە ئامانج.










باسنيوز


Top