فازڵ میرانی: ئێمە دەستێوەردان ناکەین و ئەوەی یەکێتی هەڵیبژێرێت پیرۆزبایی لێدەکەین
فازڵ میرانی، سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتیی دیموکراتی کوردستان قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد لەبارەی تێڕوانینی پارتی لەبارەی هەڵبژاردنی هاوسەرۆکی یەکێتی گوتی "پێمان باشە یەکێتی پەیڕە و پرۆگرامی خۆی تەواوبکات و سەرکردایەتیی خۆی دیاریبکات، بۆئەوەی ئێمە و ئەو سەرکردایەتییە بچینە سەر رێککەوتنەکانی پێشوو".
فازڵ میرانی یەکێتی و پارتی بە شەریکی یەکدی ناودەبات و داواشدەکات سەرکردایەتیی نوێی یەکێتی پابەندی ئەو رێککەوتنانە بن کە لەنێوا پارتی و مام جەلال هەبووە.
سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتیی دیموکراتی کوردستان لەبارەی چوونی شاندێکی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا بە رۆژنامەڤانانی گوت، شاندی هەرێمی کوردستان لە هەموو لایەنەکان بۆ بەغدا بەڕێکەوتوون و لەگەڵ شیعە و سوننە کۆدەبنەوە، "لەوێ هەوڵدەدەن بگەنە چارەسەرێکی هاوبەش".
فازڵ میرانی ئاماژەی بەوەشکرد، "ئێمە لەگەڵ سوننە دژی شیعە نین و لەگەڵ شیعەش دژی سوننە نین، بەڵکو لەگەڵ مافی میللەتی خۆمانین".
