کەرکووک.. پیلانەکانی پارێزگاری سەپێندراو بۆ پەکخستنی خوێندنی کوردی بەردەوامن
بەپێی زانیارییەكان قوتابخانەكە دەكەوێتە سنووری گەڕەكی رەحیمئاوای كەركووكەوە بەناوەكانی ئامادەیی كوردستانی كوڕان و ئامادەیی قازی محەمەدی كوڕان و دوو دەوامی تێدا دەخوێنرێت، بەشی ئەندازەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتی پەروەردەی كەركووك گۆڕەپانی ئەو قوتابخانەیەیان دەستنیشان كردووە بۆ دروستكردنی قوتابخانەیەك لەسەری بۆ خوێندنی عەرەبی.
ئەوەش زانراوە، ناڕەزایی توندی قوتابانی ئەو قوتابخانەیەی لێ كەوتووەتەوە و بڕیارە لەدژی ئەو دروستكردنی قوتابخانە لەسەر گۆڕەپانی قوتابخانەكەیان، ئەمڕۆ سێشەممە 18/2/2020، خۆپیشاندان ئەنجام بدەن.
لەمبارەیەوە، شێرزاد رەشید، بەڕێوەبەری خوێندنی كوردی لە كەركووك، ڕایگەیاند: "ئێمە وەكوو خوێندنی كوردی هەمیشە داوای دروستكردنی قوتابخانەی نوێمان كردووە لە هەموو سنوورەكەمان، داوامان كردووە كە قوتابخەیەكی 12 پۆلیمان بۆ دروست بكرێت لە سنووری گەڕەكی رەحیم ئاوا، وا دیارە بەشی ئەندازە، زەوییان دەست نەكەوتە و ویستوویانە لەناو گۆڕەپانی قوتابخانەی ئامادەیی قازی محەمەد دروستی بكەن، بەڵام ناڕەزایی قوتابیانی لێ كەوتووەتەوە دەڵێن قوتابخانەكەمان دەخنكێ و ئەو گۆڕەپانە نەمێنێ، چالاكییە وەرزشییەكانمان ڕادەوەستێت".
گوتیشی: "ئەگەر ئەو قوتابخانەیە دروست بكرێ، رێگە نادەین بیكەنە قوتابخانەیەكی عەرەبی، بەڵام لەبەر ئەوەی قوتابییان ناڕازیی بوون، بە یاداشت بەڕێوەبەرایەتیی گشتی پەروەردەی كەركوومان ئاگادار كردووەتەوە كە ئەو پرۆژەیە لەوێ ڕابوەستێت.
باسنيوز
