وەزارەتی دارایی لەبارەی مۆڵەتی فەرمانبەرانەوە رێنماییەك دەردەكا

 وەزارەتی دارایی لەبارەی مۆڵەتی فەرمانبەرانەوە رێنماییەك دەردەكا
بەپێی رێنماییەكی دارایی، چەند رێكارێك بۆ ئەو فەرمانبەرانەی دووبارە داوای مۆڵەتی بێ مووچە دەكەنەوە، دەگیرێتە بەر.

بەپێی رێنمایی ژمارە 3ی وەزارەتی دارایی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، كە لە 28ی 1ی 2020 دەرچووە، ئاماژە بە چەند رێكارێك كراوە بۆ ئەو فەرمانبەرانەی، كە مۆڵەتی بێ مووچەیان وەرگرتووە، دوای كۆتاییهاتنی مۆڵەتیان، دووبارە داوای مۆڵەتی بێ مووچە دەكەن.

لەو رێنماییەدا، ئاماژە بەوە كراوە، پێویستە دوای كۆتاییهاتنی مۆڵەتی بێ مووچە، فەرمانبەر دەستبەكار ببنەوە و دووبارە داوایەك پێشكەش بكەن بۆ مۆڵەتی بێ مووچە، هاتووە: «ئەگەر ئەو رێكارە نەگیرێتە بەر، دەبێ رێكاری یاسایی پێویست بگیرێتە بەر».

وەزارەتی دارایی ئەوەی خستووەتە ڕوو: «بۆ ئەو فەرمانبەرانەی لەدەرەوەی وڵاتن و بەهۆی خراپیی باری تەندروستی، خۆیان یان ئەندامێكی نزیكی خێزانیان (پلە یەك)، ناتوانن بگەڕێنەوە، پێویستە بە راپۆرتی پزیشكی ئەو وڵاتەی لێی نیشتەجێن، پشتڕاست بكرێتەوە، دواتر لە لایەن نوێنەرایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، راستاندنی بۆ بكرێت و پاشان لە لایەن فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان پەسند بكرێن، دوای ئەوە دەكرێت مۆڵەتی بێ مووچەیان بۆ درێژ بكرێتەوە».

جەخت لەوەش كراوەتە، لە كاتی وەرگرتنی مۆڵەتی بێ مووچە، دەبێت فەرمانبەر ئەستۆپاكیی بۆ بكرێت، رێنماییەكە لەمساڵەوە كاری پێ دەكرێت و كار بە رێنماییەكانی تر ناكرێت، كە دژی ئەو رێنماییە بن.

یاسین عەبدولواحید، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی دارایی راگەیاند: ”ئەو رێنماییە بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشانەیە كە لە دووبارە وەرگرتنەوەی مۆڵەت دێنە پێش وەزارەت و فەرمانگەكان، بەتایبەت ئەوانەی لەدەرەوەی وڵاتن».

جەختیشی كردەوە، دەبێ فەرمانگەكان كار بەو رێنماییە بكەن و رێكارەكانی جێبەجێ بكەن.

بە بڕیاری ژمارە‌ 38، لە 5ی نیسانی 2015 ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی‌ كوردستان، دەسەڵاتی بە وەزیر و‌ سەرۆكی‌ دەستەكان دا، بۆ بەخشینی‌ مۆڵەتی‌ بێ‌ مووچە بۆ فەرمانبەران بۆ ماوەیەك لە پێنج ساڵ‌ زیاتر نەبێت، وەزارەتی‌ دارایی و ئابوورییش‌ لە 3ی 5ی 2015 رێنمایی پێویستی بۆ ئاسانكاریی‌ جێبەجێكردنی‌ ئەم بڕیارە دەركردووە، بەپێی بڕیارەكە، ماوەی‌ مۆڵەتی‌ بێ‌ مووچەی‌ فەرمانبەران بە خزمەت ئەژمار دەكرێت، تەنیا بۆ مەبەستی‌ خانەنشینی‌.






باسنيوز
Top