وەزیری تەندروستی: لە کوردستان کەس تووشی کۆرۆنا نەبووە

وەزیری تەندروستی: لە کوردستان کەس تووشی کۆرۆنا نەبووە
وەزیری تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، تاوەکو ئێستا هیچ کەسێك لە کوردستان گومانی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆڤید-19 (کۆرۆنا)ـی لێنەکراوە. بەڕێوەبەری رێكخراوی تەندروستیی جیهانیش لە عێراق دەڵێت، ژمارەی رۆژانەی حاڵەتەکانی تووشبوون بە ڤایرۆسەکە روو لە کەمییە.

د. ئەدهەم رەشاد، بەڕێوەبەری رێكخراوی تەندروستی جیهانی لە عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی رایگەیاند: "لەبارەی بڵاوکردنەوەی هۆشیاری و چالاکی رێگەخۆپارێزییەکان، پێموایە رێكخراوی تەندروستیی جیهانی لەسەر هێڵە و بەشێوەیەکی چالاک کاردەکات. چەندین بابەت لەبارەی هۆشیاری هەن، وێبسایتەکەمان چەندین زانیاری لەبارەی سرووشتی ڤایرسەکە و پاراستنی هاونیشتمانییان تێدایە. چەندین بابەتی تێدایە لەبارەی رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا".

لەبارەی دۆزینەوەی چارەسەر بۆ ڤایرۆسەکە د. ئەدهەم رەشاد رایگەیاند، چەندین نموونەی نەخۆشەکانمان وەرگرتوون هەموویان لە تاقیگەن، هەموو ئەوانە بڵاوکراونەتەوە و رۆژانە بەردەستن، ئەوەی دیارنییە ئەوەیە کە چارەسەر دیارنییە، بەڵام رێکخراوی تەندروستیی جیهانی بەردەوام زانیارییەکان لەبارەی ڤایرۆسەکە بڵاودەکاتەوە.

بەڕێوەبەری رێكخراوی تەندروستی جیهانی لە عێراق روونیدەکاتەوە، ژمارەی تووشبووان زیاترە لە 72 هەزار کەس، زیاتر لە هەزار و 700 کەس بە ڤایرۆسەکە مردوون، تاوەکو ئێستا رێژەی مردن نزیکە لە ٢-٣%، ئەمەش جێگەی ترس نییە بۆ نەخۆشییەکی گوازراوە، چونکە جێگەی قبوڵکردنە لە جیهاندا، هەروەها هەواڵە ئەرێنییەکە ئەوەیە کە هەرچەندە تەواوی ژمارەی تووشبووان بەردەوام زیاددەکات، بەڵام ژمارەی حاڵەتەکان رۆژانە روو لە کەمبوونەوەیە.

لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکە وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان قسەیکرد و رایگەیاند، تاوەکو ئێستا هیچ کەسێك لە کوردستان گومانی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆڤید-19ـی لێنەکراوە و هەموو ئەوانەی لە چین دەگەڕێنەوە جیادەکرێنەوە بۆماوەی 14 رۆژ، بەڵام زۆربەیان بەبێ هیچ نیشانەیەک چوونەتەوە نێو خێزانەکانیان.

د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، تاوەکو ئێستا 104 گەشتیار لە چینەوە هاتوونەتەوە کە 38یان هاووڵاتی چین بوون، هەشت لەوان ئێستا جیاکراونەتەوە.


بەپێی دوایین ئامارەکان، تاوەکو ئێستا 71 هەزار و 811 کەس تووشی کۆرۆنا بوون، لەو ژمارە هەزار و 775 کەسیان گیانیان لەدەستداوە و 11 هەزار و 388 تووشبووش چاکبوونەتەوە.
Top