کێشەی گواستنەوەی كارەبا بۆ دەڤەری سۆران چارەسەر دەكرێت
بۆ چارەسەركرنی كێشەی گواستنەوەی وزەی كارەبا بۆ دەڤەری سۆران، وەزارەتی كارەبا گرێبەستێك لەگەڵ كۆمپانیایەكی نێوخۆیی واژۆ دەكات و بۆ ئەو كارەش "شەش ملیۆن و 700 هەزار دۆلار تەرخاندەكات".
ئومێد ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی كارەبا راگەیاند، "گرێبەستەكە بۆ ئەوەیە ئەو كۆمپانیایە هێڵێكی دیكە بۆ گواستنەوەی كارەبای دەڤەری سۆران زیاد بكات، بەوەش كۆمەڵێك كێشەی زۆری كارەبا لەو دەڤەرە چارەسەر دەبێت".
گوتەبێژەكەی وەزارەتی كارەبا روونیكردەوە، بۆ ئەنجامدانی ئەو پرۆژەیە شەش ملیۆن و 700 هەزار دۆلار تەرخانكراوە "بڕیارە بە 180 رۆژ تەواوی پرۆژەكە ئەنجامبدرێت، ئەزموونی كاریشمان لەگەڵ ئەو كۆمپانیایە دەمانگەیێنێتە ئەو بڕوایەی كە كارەكە لەكاتی خۆیدا تەواو دەبێت".
وەزارەتی کارەبا گرێبەستێک بۆ راکێشانی هێڵی 132 کەی ڤی لەزاخۆ واژۆدەکات
هاوکات بەمەبەستی ئەنجامدانی پرۆژەیەک بۆ راکێشانی هێڵی 132 کەی ڤی نێوان وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبای کاشێ و بەستنەوەی بە وێستگەیەکی گۆڕینی کارەبا، وەزارەتی کارەبا گرێبەستێکی بۆ ئەنجامدانی پرۆژەیەکی گرنگی راکێشانی کارەبا بەدرێژایی 50 کیلۆمەتر لەگەڵ هەردوو کۆمپانیای ( ستێر و شاندز) واژۆکرد.
گوژمەی پرۆژەکە نۆ ملیۆن و 620 هەزار دۆلارە، کەمال محەممەد ساڵح، وەزیری کارەبا لەکاتی واژۆکردنی گرێبەستەکە رایگەیاند، "خەڵکی زاخۆ شایەنی پڕۆژە و کاری گەورەن، چەندین ساڵە وێڕای گەورەبوون و فراوانبوونی شارەکەیان ژێرخانی گواستنەوەی کارەبایان بەپێی پێویست نییە. راکێشانی ئەم هێڵەش سوودێکی زۆری بۆ بەکارخستنی ئەو وێستگەیە دەبێت کە تەواوبووە و بەهۆی قەیرانی دارایی و شەڕی داعشەوە نەتوانراوە ببەسترێتەوە".
گواستنەوەی وزەی كارەبا لە وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەباوە بۆ بەكارهێنەران یەكێكە لە كێشەكانی كارەبای كوردستان. وەزارەتی کارەباش دەڵێت، چارەسەرکردنی کێشەی گواستنەوەی کارەبا بەیەکێک لەو کارانە دادەنرێت کە وەزارەتی کارەبا گرنگیەکی زۆری پێداوە، تاوەکو هەموو پارێزگا، دەڤەر و ناوچەکانی کوردستان بەپێی پێویست پشکی کارەبای خۆیان وەربگرن کە لەگەڵ بەرزبوونەوەی خواست و بەکارهێنانی کارەبا ژێرخانی هێڵەکانی گواستنەوەی پاڵەپەستۆی بەرز زۆر پێویستیان بە ئەنجامدانی ئەو پرۆژانەیە".
وەزاەتی کارەبا دەشڵێت، سەرقاڵی جێبەجێکردنی بەستنەوەی تەواویی ئەو وێستگانەی گۆڕینی کارەبان کە لەشار و شارۆچکەکانی کوردستان تەواوبوون و بەهۆی قەیرانی داراییەوە نەتوانراوە ببەسترێنەوە بەتۆڕی کارەبای نیشتمانییەوە.
