نوێنەرایەتیی هەرێمی كوردستان بۆ خستنەڕووی چالاكییەكانی لەگەڵ بەرپرسانی پۆڵۆنیا كۆبووەوە
لە كۆبوونەوەكەدا نوێنەرانی وەزارەتی دەرەوەی پۆڵۆنیا و دەزگا حكومیەكانی تر و حكوومەتی خۆجێی و بەرپرسی دادنووسی پۆڵۆنیا و سەرۆك و بەرپرسانی چەند زانكۆیەكی وارشۆ و نوێنەرانی ژووری بازرگانیی پۆڵۆنیا و ڕێكخراوەكانی یارمەتی مرۆیی و سەنتەرەكانی توێژینەوە و ڕۆژنامەنووسان ئامادە بوون.
هەروەها حوسین سافی كارگێڕی باڵوێزخانەی عیراق لە وارشۆ، وەلید شلتاگ باڵوێزی پێشووی عێراق لە وارشۆ و مارچین كوبیاك باڵوێزی نوێی پۆلۆنیا لە عێراق ئامادەی كۆبوونەوەكە بوون.
لە كۆبوونەوەكەدا نوێنەری حكوومەتی ھەرێمی كوردستان باسێكی كورتی بارودۆخی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی كرد، دواتر ڕەوشی تازەی عێراق و دووبارە سەرهەڵدان و خۆڕێكخستنەوەی داعش.
لەلایەكی ترەوە باسی لەو ئاستەنگانە كرد كە لە ساڵی نوێ دێتە بەردەم هەرێمی كوردستان وەكو ئاڵۆزی و ململانێی نێوان ئەمریكا و ئێران و كاریگەری نەرێنی لەسەر عێراق و هەرێمی كوردستان.
زیاد رەئوف لە وتەكەیدا باسی كار و چالاكییەكانی نوێنەرایەتی لە بوارە جیاجیاكان و هەروەها هاوكاری نێوان هەرێمی كوردستان و پۆڵۆنیا كرد لە ساڵی رابردوودا، بەرنامە و پلانی ساڵی ۲۰۲۰یشی خستەڕوو.
هەروەها ئاماژەی بە سەردانی شاندی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ پۆڵۆنیا كرد لە سەرەتای ساڵی نوێوە و دەسكەوتەكانی خستەڕوو.
لەلایەكی ترەوە بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی ھەرێمی مازۆڤێسكا كە پایتەخەتەكەی وارشۆیە، نامەی سەرۆكی ئەو ھەرێمەی پێشكەشی نوێنەری حكوومەتی ھەرێمی كوردستان كرد، تیایدا دەستخۆشی لە كار و چالاكییەكانی نوێنەرایەتی كرد، پشتگیری بۆ ھەرێمی كورستان دەربڕی، ھیواشی خواست پەیوەندییەكان زیاتر پەرەیان پێبدرێ .
باسنيوز
