سوپای سووریا کۆنتڕۆڵکردنەوەی دەیان گوند و شارۆچکەی سنووری حەلەبی راگەیاند
بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە ١٧ی ٢ی ٢٠٢٠، فەرماندەیی گشتیی سوپا و ھێزە چەکدارەکانی سووریا لە راگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، توانیویانە ناوچەیەکی فراوان کە دەیان گوند و شارۆچکە لە باکوور و باکوورۆ ڕۆژئاوای شاری حەلەب لەخۆوە دەگرن، کۆنتڕۆڵ بکەنەوە کە لە نێویاندا شارۆچکەی (شێخ عەلی) و ناوچەکانی (فەوجی ٤٦، ئورمی گەورە و ئورمی بچووک، کفر داعل، کفر حمرە، بشنگرە، بابیێ، معارە الڕرتیق، عویجل، حریتان، حیان، عندان، بیانون و اللیرمون) لەگەڵ ژمارەیەکی زۆری کۆمەڵگەکانی نیشتەجێبوون لە سنوورەکە.
فەرماندەیی گشتیی سوپا و ھێزە چەکدارەکانی سووریا باسیشی لە بەردەوامیی شەڕ و پێکدادانەکانیان لە دژی ھێزە جیاوازەکانی نیو حەلەب کردووەتەوە و سەرجەم ھێزە نەیارەکانی لە حەلەب بە ”تیرۆریست“ وەسف کردووە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە ھەندێک لە میدیاکان باسی کۆنتڕۆڵکردنەوەی یەکجارەکیی شاری حەلەب لە لایەن ھێزەکانی سەر بە ڕژێمی بەشار ئەسەد دەکەن.
باسنيوز
