سەرۆک بارزانی: چاوەڕوانین قوتابیان و لاوان پارێزەری بەها بەرزەكانی میللەتەكەمان بن

 سەرۆک بارزانی: چاوەڕوانین قوتابیان و لاوان پارێزەری بەها بەرزەكانی میللەتەكەمان بن


سەرۆک بارزانی، بە بۆنەی 67 ساڵەی دامەزراندنی یەکێتیی قوتابیانی کوردستان و یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستانەوە، پەیامێکی بڵاو کردەوە و جەختی کردووەتەوە دەبێ قوتابیان و لاوان پارێزەری بەها بەرزەکانی میللەتەکەمان بن.

لە پەیامەکەی سەرۆک بارزانیدا، هاتووە: "لاوان و قوتابیان، لە سەرەتای دامەزراندنی ڕێکخراوەکەیانەوە تا ئێستا، ڕۆڵیکی گرینگ و بەرچاویان لەكاری مەدەنی و ڕێكخراوەییدا گێڕاوە و جگە لەوەی قوتابخانەی پێگەیاندنی سەركردەی بە توانا و ڕۆڵەی هۆشیار و هەڵكەوتوو بوونە، وەک پێشمەرگەش، بەشدارییەکی کاریگەریان لە بزاڤی ڕزگاریخوازانەی گەلەکەماندا کردووە و لەو ڕێگەیەدا قوربانی و شەهیدیشیان بەخشیوە"

سەرۆک بارزانی لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا لەبارەی قوتابیان و لاوانەوە جەختی کردووەتەوە: "قوتابیان و لاوان، لە قۆناخە جیاجیاکاندا، خزمەتی گەل و وڵاتیان کردووە و ڕوحی بەرگری و بڕوابەخۆبوونیان لەناو لاوانی گەلەکەمان پاراستووە، ئێستا و داهاتوویش، ئەو چاوەڕوانییە لە قوتابیان و لاوانی خۆشەویست هەیە کە پارێزەری بەها بەرزەكانی میللەتەكەمان بن".



دەقی پەیامەکە:

پەیامی سەرۆك بارزانی بەبۆنەی شەست و حەوت ساڵەی دامەزراندنی یەكێتیی قوتابیانی كوردستان و یەكێتیی لاوانی دیموكراتی كوردستان

بە ناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

بە بۆنەی شەست و حەوت ساڵەی دامەزراندنی یەكێتیی قوتابیانی كوردستان و یەكێتیی لاوانی دیموكراتی كوردستان، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی لاوان و قوتابیانی خۆشەویستی كوردستان دەكەم و هیوای سەركەوتن و داهاتوویەكی گەشیان بۆ دەخوازم.

لاوان و قوتابیان، لە سەرەتای دامەزراندنی ڕێکخراوەکەیانەوە تا ئێستا، ڕۆڵیکی گرینگ و بەرچاویان لەكاری مەدەنی و ڕێكخراوەییدا گێڕاوە و جگە لەوەی قوتابخانەی پێگەیاندنی سەركردەی بە توانا و ڕۆڵەی هۆشیار و هەڵكەوتوو بوونە، وەک پێشمەرگەش، بەشدارییەکی کاریگەریان لە بزاڤی ڕزگاریخوازانەی گەلەکەماندا کردووە و لەو ڕێگەیەدا قوربانی و شەهیدیشیان بەخشیوە.

قوتابیان و لاوان، لە قۆناخە جیاجیاکاندا، خزمەتی گەل و وڵاتیان کردووە و ڕوحی بەرگری و بڕوابەخۆبوونیان لەناو لاوانی گەلەکەمان پاراستووە، ئێستا و داهاتوویش، ئەو چاوەڕوانییە لە قوتابیان و لاوانی خۆشەویست هەیە کە پارێزەری بەها بەرزەكانی میللەتەكەمان بن و بە ورەیەكی بەرز و چاوكراوەیی زیاتر، کەڵک لە ئامرازە نوێیەکانی پەروەردە و فێرکردن وەربگرن و خۆیان بە زانست و زانیاری دەوڵەمەند بکەن و كادیری هۆشیار و بەتوانا بۆ خزمەتكردنی بەرژەوەندییەكانی خەڵكی كوردستان پەروەردە بکەن.

دووبارە پیرۆزباییتان لێ دەكەم و هیوای سەرکەوتنی زیاترتان بۆ دەخوازم.

مەسعود بارزانی

١٧ـی٢ـی٢٠٢٠








باسنیوز
Top