مەسرور بارزانی: دەبێ دامەزراوە فەرمییەکانی هەرێمی کوردستان نوێنەرانی کورد لە حکوومەتی عێراق دیاری بکەن

مەسرور بارزانی: دەبێ دامەزراوە فەرمییەکانی هەرێمی کوردستان نوێنەرانی کورد لە حکوومەتی عێراق دیاری بکەن
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جەختی لەوە کردەوە کە دەبێت دامەزراوە فەرمییەکانی هەرێمی کوردستان نوێنەرانی کورد لە کابینەی تازەی حکوومەتی عێراق دەستنیشان بکەن.

کەمێک لەمەوبەر، لە پرێس کۆنفرانسێکدا، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە میونشنەوە ڕای گەیاند، تایبەتمەندیی هەرێمی کوردستان لەلایەن وڵاتانی دونیاوە لەبەرچاو گیراوە و ئەمساڵیش حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن بانگهێشت کراوە.

ڕوونیشی کردەوە، دۆخی ناوچەکە بە گشتی بۆ وڵاتان گرنگە، هەرێمی کوردستانیش وەکوو کاراکتەرێکی سەرەکی لە رووداوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گرنگ دەزانن و ”پێشنیاز و ئاڵوگۆڕی بۆچوونەکان بۆ ئەوە بووە کە تاچەند دەتوانین ڕۆڵێکی کارا بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی ناوچەکە بگێڕین“.

لەبارەی هەوڵەکانی پێکهێنانی حکوومەتی عێراق، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتی: ”تائێستا ئەنجامەکان دیار نین، محەمەد تۆفیق عەلاوی بەنیازە کابینەکەی پێکبهێنێت، بۆ ئێمە وەک هەرێمی کوردستان گرنگە کە تایبەتمەندیی هەرێمی کوردستان وەک هەرێمێکی فیدرالی لە عێراق و مافە دەستوورییەکانی ڕێزی لێ بگیڕێت.

ئێمە تایبمەتدییەکی جیاوازمان هەیە و داوامان کردووە کە نوێنەرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن دامەزراوەی فەرمیی هەرێمی کوردستانەوە دەستنیشان بکرێن“.

جەختیشی کردەوە کە لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا، داوای کردووە، مافەکانی خەڵکی کوردستان بەهەند وەربگیرێت و بۆ هەر چارەسەرێک لە داهاتوودا مافەکانی کورد لەبەرچاو بگیرێت.

لە بەشێکی دیکەی پرێس کۆنفرانسەکەدا مەسرور بارزانی رای گەیاند: ”ئێمە دەزانین داعش هێشتا مەترسییەکی جددییە لە ناوچەکە، پێویستیی بە هاوکاریی هەموو لایەنەکان هەیە، بە تایبەتیش ئەمریکا و هێزەکانی هاوپەیمانان، پێمانوایە داعش مەترسییەکی جددییە و خەریکن خۆیان ڕێک دەخەنەوە، مەترسییان بۆ سەر هەموو ناوچەکە و دونیاش هەیە. پێویستە ئاڵوگۆڕی زانیاری لە نێوان لایەنەکانی بەشدار لە هاوپەیمانی بەردەوام بێت. داواشمان کردووە ئەو هۆکارانەی دەبنە هۆی سەرهەڵدانی داعش، بایەخیان پێبدرێت کە خۆی لە باشکردنی دۆخی ژیان و باری ئابووریی ناوچەکە و سەقامگیریی سیاسیی لە ناوچەکە، دەتوانێت هاوکار بێت لە بنبڕکردنی داعش“.

لەبارەی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد: ”ئێمە و ئێران دراوسێی یەکترین، باسی ئەوەمان کرد کە نیگەرانیی هاوبەشمان لەسەر بابەتی تێکچوونی باری ناوچەکە بە گشتی هەیە، باسمان لەوە کرد کە پێویستە ڕێزی هەردوولا بگیرێت لەسەر ئەو بنەمایانەی کە بەلای ئێمەوە گرنگن، بە تایبەتی بەلای خەڵکی کوردستانەوە. باسی ئەوەمان کرد کە پێویستە ڕێزی هاوبەش هەبێت لە هەموو ئەو لایەنانەی لە ناوچەکەدا بەشدارن“.










باسنيوز


Top