وەزیری پەروەردە: 114 باڵاخانەی تەواونەکراوی قوتابخانە هەن کە 139 ملیار دیناریان پێویستە

 وەزیری پەروەردە: 114 باڵاخانەی تەواونەکراوی قوتابخانە هەن کە 139 ملیار دیناریان پێویستە
وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان چەند زانیارییەکی لەبارەی دۆخی پەروەردە لە هەرێمی کوردستان خستە ڕوو و ئاشکرای کرد کە 114 باڵاخانەی تەواونەکراوی قوتابخانەکان لە هەرێمی کوردستاندا هەن کە پێویستییان بە 139 ملیار دینار هەیە.

ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پرێس کۆنفرانسێکدا ئاماژەی بەوە کرد: ”بۆ بەهەمیشەییکردنی مامۆستایانی گرێبەست، کارەکان تەواو بووە و نووسراوەکان بۆ وەزارەتی دارایی گەڕاوەتەوە و پاش ماوەیەکی دیکە دەگەڕێتەوە“.

ئەوەشی ڕوون کردەوە، بۆ بابەتی گەڕاندنەوەی پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، پەرلەمان بڕیاری خۆی داوە و لە یاسای ژمارە 2ی یاسای چاکسازی جێگیر کراوە کە خۆی لە کردنەوەی حیسابێکی بانکی دەبینێتەوە.

لەبارەی کێشەی مامۆستایانی وانەبێژەوە، وەزیری پەروەردە گوتی: ”خەریکی دروستکردنی داتابەیسێکین بۆ مامۆستایانی وانەبێژ، بە دڵنیاییەوە هەر کاتێک دۆخی دارایی حکوومەت گونجاو بێت، مامۆستایانی وانەبێژ لە ئەولەویەتی پرۆگرامەکانی حکوومەت دەبن، سوپاسیشیان دەکەن کە ئەوان ڕۆڵێکی کارا لە دامەزراوە پەروەردەییەکانی حکوومەتدا دەبینن“.

ئالان حەمەسەعید لە پرێس کۆنفرانسەکەدا باسی لە دۆخی قوتابخانەکان کرد و رای گەیاند، لە هەرێمی کوردستاندا 114 قوتابخانەی تەواونەکراو هەن کە بۆ کارکردن و تەواوکردنیان، پێویستییان بە زیاتر لە 139 ملیار دینار هەیە. ”ئێمە لەگەڵ جەنابی سەرۆکی حکوومەتەوە دانیشتنمان کردووە و کۆمەڵێک قوتابخانەی باش خراوەتە پلانی 2020ەوە تاوەکوو تەواو بکرێن. بۆ دروستکردنی قوتابخانەی تازەش پاکێجێکی ئامادەکراومان هەیە تاوەکوو بزانین چۆن لەم کابینەیەدا قوتابخانەی تازە دروست بکرێت“.






باسنیووز
Top