بەهۆی شۆرتی کارەباوە دوو منداڵ لە کەمپی شاریا گیانیان لەدەستدا

بەهۆی شۆرتی کارەباوە دوو منداڵ لە کەمپی شاریا گیانیان لەدەستدا
بەهۆی شۆرتی کارەباوە لە کەمپی ئاوارەکانی شاریا لە پارێزگای دهۆک خوشک و برایەک گیانیان لەدەستدا. کەسوکاری منداڵەکان دەڵێن، بەهۆی بەهێزیی ئاگرەکەوە نەیانتوانیوە کۆنترۆڵی بکەن و ژیانی منداڵەکانیان رزگاربکەن.

منێفا حەسەن، پووری منداڵەکانە و دەڵێت، "خۆمان گەیاندە ماڵیان و ویستامن رزگاریان بکەین، بەڵام بەداخەوە نەمانتوانی".

خێزانێک کە لە چوار کەس پێکهاتبوون، شۆرتی کارەبا لەنێو ماڵی خۆیاندا دوو منداڵەکەیانی لێسەندن.

ساڵح حسێن، خاڵۆی منداڵەکانە و دەڵێت، "دایکی منداڵەکان بە هاوارەوە رایکرد بۆ لامان. ئێمەیش هاتین، بەڵام ئاگرەکە بەهێز بوو و هیچمان پێنەکرا".

ئایلین تەمەنی سێ ساڵ و دوو مانگ بوو و ئەلەندیش ساڵێک و دوو مانگ. بەهۆی ئەوەی ماڵەکەیان زۆربەی نایلۆن بووە، ئاگرەکە زوو تەشەنەی سەندووە.

فالیت داوود، باوکی منداڵەکانە و دەڵێت، "من هەر ئەو منداڵانەم هەبوو و ئەوەش قەدەری ئێمە بوو کە ئەو شۆرتە بوو و ئاگرە کەوتەوە".

باوکی ئەو منداڵانە کەمئەندامە و زیاتر لە پێنج ساڵە ئاوارەی گوندی شاریایە و لەنێو کەلاوەی خەڵکدا نیشتەجێیە.
Top