سەرۆک بارزانی و ئەیاد عەلاوی: پێویستە پێکهاتەی حکوومەتی داهاتوو نوێنەرایەتیی هەمووان بکات

سەرۆک بارزانی و ئەیاد عەلاوی: پێویستە پێکهاتەی حکوومەتی داهاتوو نوێنەرایەتیی هەمووان بکات
سەرۆک بارزانی و دکتۆر ئەیاد عەلاوی کۆبوونەوەیەکیان ئەنجام دا و جەختیان لەوە کردەوە کە پێویستە پێکهاتەی حکوومەتی داهاتووی عێراق نوێنەرایەتیی هەمووان بکات.

لە ڕاگەیاندراوێکی هاوبەشدا، ئاماژە بەوە دراوە، ئەمڕۆ شەممە ١٥ـی٢ـی٢٠٢٠ لە سەلاحەددین، سەرۆك مەسعود بارزانی، پێشوازی لە دكتۆر ئەیاد عەلاوی و شاندێکی یاوەری کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا بە وردی باس لە پێشهاتەکانی ڕەوشی عێراق و ناوچەکە و بابەتی پێکهێنانی حکوومەتی ئینتیقالیی داهاتووی عێراق کرا و هەردوولا لەسەر ئەم خاڵانە ڕێک کەوتن:

یەکەم: هەردوولا جەختیان کردەوە کە عێراق پێویستی بە مانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی هەیە بۆ ئەوەی هاوکاریی وڵات بکەن لە ڕووبەڕووبوونەی مەترسیی تیرۆر، بەتایبەتییش بە ڕەچاوکردنی جموجۆلەکانی ئەمدواییەی داعش.

دووەم: عێراق وڵاتی فرەیی و پێکهاتەکانە و هیچ لایەنێکی سیاسی ناتوانێ لەبارەی بڕیارە چارەنووسسازەکانی دەوڵەت و داهاتووەکەی، تاکڕەوی بکات، چونکە ئەوە دەبێتە هەڕەشە لەسەر یەکپارچەیی وڵات و ئاشتیی کۆمەڵایەتی.

سێیەم: پێویستە پێکهاتەی حکوومەتی داهاتوو نوێنەرایەتی هەمووان بکات و هەموو پێکهاتەکانی عێراق بەشداریی تێدا بکەن تا یەکانگیریی نیشتمانی و خواستە ئاشتیخوازانەکانی خۆپێشاندەران و بزاڤی جەماوەری، بگرێتەخۆی.










باسنيوز


Top