نامەی دامەزراندنی مامۆستایانی گرێبەست بۆ وەزارەتی دارایی دەنێردرێت
ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک پەیامێکی بۆ مامۆستایانی گرێبەست نووسیوە و دەڵێت:" ئەمڕۆ ناوەکانتان بە نووسراوی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران ژمارە 1669 لە 12-2-2020 ئاراستەی (وەزارەتی دارایی وئابووری- بەڕێوەبەرایەتی گشتیی بودجە- میلاک) کرا بۆ دەستپێکردنی مامەڵەی کۆتایی دامەزراندنتان و دەستبەکاربوونی فیعلیتان لەبەر رۆشنایی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران ژمارە 34 لە رۆژی 24-12-2019."
وەزارەتی پەروەردە لەڕووی زۆریی ژمارەی فەرمانبەرانی گرێبەستی كاتی لەسەر ئاستی وەزارەتە مەدەنییەكان، لە دوای وەزارەتی شارەوانی بە پلەی دووەم دێت و نزیكەی 6 هەزار فەرمانبەری گرێبەستی هەیە.
مووچەی مامۆستایانی گرێبەست نزیكەی 500 هەزار دینارە، بەڵام مووچەی فەرمانبەرانی گرێبەستی وەزارەتەكانی دیكە بەپێی بڕوانامە و پسپۆڕییان لە 250 هەزار دینارەوە دەستپێدەكات تاوەكو دوو ملیۆن و 500 هەزار دینار.
