سەرۆك بارزانی پێشوازی لە شاندێكی هاوبەشی پارێزگارانی عێراق كرد

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە شاندێكی هاوبەشی پارێزگارانی عێراق كرد
ئەمڕۆ چوارشەممە سەرۆك مەسعود بارزانی لە سەلاحەددین پێشوازی لە شاندێكی هاوبەشی پارێزگار و جێگری پارێزگاری نەینەوا، كەركووك، بەغدا، ئەنبار، دیوانیە، زیقار، سەلاحەددین، واست، میسان، نەجەف، كەربەلا، بەسڕا، دیالە، موسەننا و هەولێر كرد.

لە دیدارەكەدا كە ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و دكتۆر سەباح ئەلدلێمی وەزیری پلاندانانی عێراق ئامادەی بوون، شاندی میوان پێزانینیان بۆ سەقامگیری و بووژانەوە و پێشكەوتنی هەرێمی كوردستان هەبوو، داوایان كرد ئەزموونی سەركەوتووی هەرێمی كوردستان بۆ پارێزگاكانی تری عێراقیش بگوازرێتەوە.

هەروەها سوپاسی گەلی كوردستان و حكوومەتی هەرێمیان كرد كە لە كاتی پەلاماری تیرۆریستان و لە ڕۆژانی دژواردا بوونە پەناگەی سەدان هەزار ئاوارەی عێراقی.

ئامادەبووانی كۆبوونەوەكە ستایشی ڕۆڵی مێژوویی سەرۆك بارزانییان كرد و وێڕای ئاماژەدان بە قەیرانی ئێستای عێراق، داوایان كرد كە سەرۆك بارزانی ڕۆڵی كاریگەری هەبێت لە چارەسەركردنی كێشەكانی عێراق و گەڕاندنەوەی سەقامگیری و هیوا بۆ عێراق.

هەر لەو دانیشتنەدا سەرۆك بارزانی بۆچوون و تێڕوانینی خۆی سەبارەت بە بارودۆخی سیاسیی عێراق خستەڕوو، ڕۆشنایی خستە سەر ئەو هۆكارانەی قەیران و كێشەكانی ئێستای عێراقی لێ كەوتووەتەوە.

سەرۆك بارزانی وێڕای ئاماژەدان بە ئەزموونی سەركەوتووی هەرێمی كوردستان، ئەوەشی ڕاگەیاند كە ئەگەر لە عێراقدا ئاشتەوایی ڕاستەقینە پەیڕەو كرابا و هەموو لایەك پابەندی دەستوور بان، ئێستا عێراق لە دۆخێكی باشتر دەبوو.

لە درێژەی وتەكانیدا سەرۆك بارزانی جەختی لە فەرهەنگی لێبووردەیی و پێكەوەژیانی نێوان پێكهاتەكانی عێراق كردەوە، پەیوەست بە پەیوەندیی نێوان هەرێم و پارێزگاكانی عێراقیش، پشتیوانی تەواوی خۆی بۆ برەودانی ئەو پەیوەندییانە و كاری هاوبەش لە بواری گەشەپێدان و ئاوەدانكردنەوە ڕاگەیاند.











باسنيوز


Top