مەسرور بارزانی: دوور لە موزایەدە و بە کردەوە پشتگیریی لە جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی بکەن

مەسرور بارزانی: دوور لە موزایەدە و بە کردەوە پشتگیریی لە جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی بکەن
ئەمڕۆ چوارشەممە 2020/2/12، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجام دا.

لە کۆبوونەوەکەدا، کە سەرۆکی دیوانی چاودێریی دارایی و سەرۆکی دەستەی دەستپاکی و سەرۆکی داواکاری گشتیش ئامادەیبوون، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران ئاماژەی دا بە گرنگیی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی ژمارە (2)ی ساڵی 2020 و گوتی: ”ئەنجامدانی چاکسازی خواست و داوای هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان و هەموو لایەنەکان بوو. بۆیە داوا لە پارت و لایەنە سیاسییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەم، دوور لە موزایەدە و بە کردەوە، پشتگیریی لە جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی بکەن“.

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جەختی لەوە کردەوە کە پرۆسەی چاکسازی بەردەوام دەبێت و هەموو سێکتەرەکان دەگرێتەوە. گوتیشی: ”هەر لە چوارچێوەی پرۆسەی چاکسازیی دارایی و کارگێڕیدا، کار لەسەر رێکخستنەوە و یەکخستنەوەی داهاتەکانی هەرێمی کوردستان، لەوانەش داهاتی نەوت و گاز دەکەین کە دەمانەوێت شەفاف و روون بێت، ئەمەش بەشێکە لە کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان“.

لە کۆبوونەوەکەدا، ئەنجومەنی وەزیران، وەزیرەکانی راسپارد کە لە ماوەی پازدە رۆژدا، پێشنیارەکانی خۆیان بۆ رەشنووسی پەیڕەوی ئاسانکاريی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی ئامادە بکەن و ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیرانی بکەن، تاوەکوو بەزووترین کات بچێتە باری جێبەجێکردنەوە.

هەر لە کۆبوونەکەدا بڕیاردرا، لیژنەیەکی باڵا بە سەرۆکایەتیی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و ئەندامێتیی جێگری سەرۆک وەزیران و ژمارەیەک وەزیری پەیوەندیدار پێکبهێنرێت، بۆ بەدواداچوونی رێوشوێنەکانی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی لە هەرێمی کوردستان.

ئەنجوومەنی وەزیران جەختی لە گرنگیی رۆڵی دامەزراوەکانی چاودێریی دارایی و دەستەی دەستپاکی و داواکاری گشتی كردەوە لە چاودێریکردنی جێبەجێکردنی یاساکە.











باسنيوز

Top