نووسینگەی نێچیرڤان بارزانی چارەسەری منداڵێکی برینداربووی رووداوەکانی نەجەف لە ئەستۆ دەگرێت
منداڵەکە ناوی محەممەد حەسەن خالیدی ـیە و رۆژی 6-2-2020 لە رووداوەکانی نەجەف برینداربووە. بێوار ناودەری، لێپرسراوی بەشی تەندروستی نووسینگەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دوای ئاگاداربوونمان لە رەوشی ئەو منداڵە پەیوەندیمان بە نەخۆشخانەی سەدر لە نەجەف کردووە، بۆ ئەوەی بیهێنینە هەولێر بۆ چارەسەرکردن، بەڵام بەهۆی سەختی برینەکەوە ناتوانین بیگوازینەوە بۆ هەولێر.
لەبارەی رەوشی ئەو منداڵە بریندارە، لێپرسراوی بەشی تەندروستی نووسینگەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، منداڵەکە گولـلە بەر دڵی کەوتووە، نەشتەرگەری بۆ کراوە گولـلەکە دەرهێنراوە، بەڵام پێویستی بە چارەسەری زیاتر هەیە.
بێوار ناودەری جەختی لەوە کردەوە، هەرکات منداڵەکە بگوازرێتەوە بۆ هەولێر هەر شتێک پێویست بێت لە نێوخۆ یان لەدەرەوە دەیکەن بۆ چارەسەرکردنی.
ئەمە لە کاتێکدایە خۆپێشاندانەکانی عێراق کە لە سەرەتای مانگی تشرینی یەکەمەوە دەستیانپێکردووە بەهۆیەوە زیاتر لە 600 کەس کوژراون و زیاتر لە 27 هەزاری دیکەش برینداربوونە.
