لە حاجی ئۆمەران نزمترین پلەی گەرما 18 پلە لەژێر سفرەوەیە

لە حاجی ئۆمەران نزمترین پلەی گەرما 18 پلە لەژێر سفرەوەیە
شەپۆلێکی سەرما و بەفربارین رووی لە هەرێمی کوردستان و پارچەکانی دیکەی کوردستان کردووە، بەو هۆیەوە لە چەندین شوێن ئاستەنگی هاتووچۆی بۆ هاونیشتمانیان دروستکردووە.

هەریەکە لە سنوورەکانی پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک، هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین کەوتوونەتە ژێر کاریگەریی شەپۆلێکی سارد و بەفربارینەکەوە.

لە ناحیەی حاجی ئۆمەران، قەزای ئامێدی هاتووچۆ ئەستەم بووە، لە هەندێک دەڤەری زاخۆ هاتووچۆ وەستاوە، بە هەمان شێوە لە ناحیەی چەمانکێ ئاستەنگ بۆ هاتووچۆ دروستبووە، لەگەڵ ئەوەش تیمەکانی راماڵینی بەفر و بۆ کردنەوەی رێگاکان بەردەوامن.
هەرچی کامپی ئاوارەکانی دهۆکە بەفر و سەرمایەکی زۆر گرتویەتی، کۆڵانی نێو کامپ بووە بە شەختە.

شەوکەت بەربهاری، بەڕێوەبەری دەروازەی سێمالاکی نێودەوڵەتی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند؛ بەهۆی ئەو ئاستە زۆرەی بەفر کە 31 سانتیمەتر دەبێت، رێگەی نێوان باشوور و رۆژئاوای کوردستان داخراوە.

نزمترین پلەکانی گەرمای ئەمڕۆ لە چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان بەم شێوەیە بوون:

- حاجی ئۆمەران 18 پلە ژێر سفر
- کانیماسی 17 پلە ژێر سفر
- پێنجوێن 14 پلە ژێر سفر
- مانگێش و چۆمان 13 پلە ژێر سفر
- بامەڕنێ 12 پلە ژێر سفر
- هەڵشۆ 11 پلە ژێر سفر
- دهۆک 10 پلە ژێر سفر
- پیرمام 8 پلە ژێر سفر
- سیدەکان و سمێلان 7 پلە ژێر سفر
- بارزان، رواندز، قەڵادزێ و زاخۆ 6 پلە ژێر سفر
- سلێمانی، هەڵەبجە، شەمامک، سۆران، بازیان و دووکان 5 پلە ژێر سفر
- هەولێر، خەبات، چەمچەماڵ، دووزخورماتوو و ئاکرێ 4 پلە ژێر سفر
- کەرکووک 3 پلە ژێر سفر
- دەربەندیخان 2 پلە ژێر سفر

کەشناسی هۆشداریی داوە لەوەی پلەی گەرما لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان تاوەکو ئاستێکی بەرچاو دادەبەزێت. پێشبینیش دەکرێت دابەزینی پلەکەنی گەرما تاوەکو کۆتایی ئەم هەفتەیە بەردەوامبێت.
Top