وەزارەتی تەندروستی کوردستان هەناردەکردنی دەمامک قەدەخەدەکات
ئەم بڕیارەی وەزارەتی تەندروستی بۆ قەدەخەکردنی هەناردەکردنی دەمامک بۆ وڵاتانی دەرەوە لەکاتێكدایە کە ئێستا لە سەرانسەری جیهان قەیرانی کەمی دەمامکی پزیشكی لە ترسی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا دەستیپێكردووە و وڵاتی چین ئەو دەمامکانە دەکڕێتەوە کە خۆی پێشتر بە وڵاتانی فرۆشتوون.
بەگوێرەی بڕیارەکەی وەزارەتی تەندروستی، لەمەودوا رێگەنادرێت دەمامکی پزیشكی هەناردەی وڵاتانی دەرەوە بکرێت، ئەمەش رێگەدەگرێت لە بەرزبوونەوەی زیاتری نرخی دەمامک لە کوردستان.
کۆرۆنا بەخێرایی لە جیهاندا بڵاودەبێتەوە، نزیکەی 45 هەزار کەس تووشبوون، 1013 کەس گیانیانلەدەستداوە، تاکە رێگەی دژی کۆرۆنا بریتییە لە خۆپارێزی کە بەکارهێنانی دەمامک هەنگاوێكی پێویستە.
