پێشمەرگە و هاوپەیمانان ئۆپەراسیۆنێکیان دژی داعش ئەنجامدا؛ پێشمەرگەیەک بریندارە
بەپێی راگەیێنراوی سەنتەری میدیای وەزارەتی پێشمەرگە، ئۆپەراسیۆنەکە بە پاڵپشتیی هێزی ئاسمانیی هاوپەیمانان بووە و تێیدا لیوای144ـی هێزەکانی 70 بەهاوبەشی لەگەڵ هێزی تایبەتی کۆماندۆ، هێزەکانی پشتیوانی دوو، بەرگری و فریاکەوتن، شاندی وەزارەتی پێشمەرگە و هێزەکانی70، لیوای سێی پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە، بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی گەرمیان، بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی کفری، بەڕێوەبەرایەتیی دوزخورماتوو، بنکەی ئاسایشی زینانە بەشداربوون.
ئۆپەراسیۆنەکە بەمەبەستی نەهێشتنی چەکدارانی داعش و "گرووپە تیرۆرستیەکان" بووە و بۆ سنووری غەڕە و پەڵکانە و بەلەگەی خواروو و قوریچای، واتا قووڵایی مۆڵگەکانی داعش ئەنجامدراوە، ماوەی هەشت کاژێری خایاندووە و تێیدا چەندین حەشارگەی داعش لەو ناوچانە دۆزراونەتەوە.
دەربارەی زیانەکانی پێشمەرگەش، سەنتەری میدیا ئاماژەی بەوە داوە، رووبەڕووبوونەوەی کورت لەگەڵ تیرۆریستاندا روویداوە و لە ئۆپەراسیۆنەکەدا پێشمەگەیەکی لیوای 144 بە ناوی کاوە حسین شکور بەهۆی مینێکی چێنراوی تیرۆرستانی داعش بەسەختی برینداربووە.
