هەولێر.. یادی یۆبیلی زێڕینی دامەزرانی یەکێتیی نووسەرانی کورد کرایەوە

 هەولێر.. یادی یۆبیلی زێڕینی دامەزرانی یەکێتیی نووسەرانی کورد کرایەوە


وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە بە بۆنەی یۆبیلی زێڕینی دامەزرانی یەکێتیی نووسەرانی کورد (یادی ٥٠ ساڵە) ڕێوڕەسمێکی تایبەتیان ڕێک خست.

لە ڕێوڕەسمی یادی ٥٠ ساڵەی دامەزراندنی یەکێتیی نووسەرانی کورددا کە ئەمڕۆ دووشەممە 2020.2.10 لە هەولێر و بە ئامادەبوونی بەشێکی بەرچاو لە ئەندامانی یەکێتیی نووسەران لە هەولێر، سلێمانی، دهۆک، کەرکووک و هەڵەبجە و ناوچەکانی دیکە بەریوە دەچێت، تێیدا وێڕای بەڕێوەبردنی چەند پانێلێکی جیاواز، هاوکات خەڵات بەسەر بەشێک لە نووسەرانی کورددا دابەش دەکرێت.

لە سەرەتای ڕێوڕەسمەکەدا کاک مەم بۆتانی سەرۆکی یەکێتیی نووسەرانی کورد، وتاری نووسەرانی خوێندەوە.

هاوکات حەمەی حەمەسەعید وەزیری ڕۆشنبیری و لاوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەمبارەوەی وتارێکی پێشکەش کرد و لە بڕگەکانی دیکەشدا فیلمێکی دیکیۆمێنتاری و بەڵگەفیلم لەبارەی مێژوو و چالاکییەکانی یەکێتیی نووسەرانی لە ماوەی ٥٠ ساڵی ڕابردوو دەخرێتە ڕوو.

هاوکات لەگەڵ دانی خەڵات بە نووسەران کۆمەڵێک بڕگەی تایبەتی میوزیک و شیعری تێدایە و ڕیوڕەسمەکە هەتا کاتژمیر ٥ی ئێوارەی ئەمڕۆ دەخایەنێت.

یەکێتیی نووسەرانی کورد، پەنجا ساڵ لەمەبەر و لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا 1970.2.10 لە باشووری کوردستان دامەزراوە و بەپێی سەرچاوەکان دەستەی دامەزرێنەران بریتی بوون لە (د. عیزەدین مستەفا رەسووڵ، د.نەسرین فەخری، د.کاوس قەفتان، د.ئیحسان فوئاد، د.مارف خەزنەدار، جەمال بابان، خالید دلێر، محەمەدی مەلا کەریم، حوسێن عارف، کاکەمەم بۆتانی و نوری عەلی ئەمین)، بوون و مۆڵەتی رەسمی کارکردنی وەزارەتی ناوخۆی ئەوکاتی عیراق وەرگرتووە و هاتە مەیدانی کار و خزمەتی ئەدەبی و رۆشنبیرییەوە.

ئەگەرچی ئەم رێکخراوە رێکخراوێکی پیشەیی شار بوو، بەڵام رێکخراوێکی تێکۆشەر و بەهەڵوێست بووە و هەردەم لەگەڵ هێڵی شۆڕش و بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلی کوردستاندا بووە و لەوپێناوەشدا قوربانی زۆری داوە و چەندین قەڵەمی بەهەڵوێستی ئەو رێکخراوە تووشی گرتن و راونان بوون و بەشێک لەو قەڵەمانە لەکۆڕی خەباتی شارو شاخدا گیانی خۆی بەئازادی کوردستان بەخشی.

رژێمی ڕووخاوی بەعس وەک رێکخراوێکی یاخی سەیری یەکێتیی نوسەرانی کوردی کردووە، هەبۆیەش لەساڵی 1980 هەڵیوەشاندەوە و کردی بە بەشێک لە رێکخراوی(ئەدیبان و نوسەرانی عیراق)، بەڵام زۆربەی ونوسەرە بوێر و تێکۆشەر و نیشتمانپەروەرکان، نەچوونە ناو ئەو ڕێکخراوە کە حکوومەتی بەعس دروستی کرد و قەت ملیان بەو ستەمە نەدا و کۆڵیان ەندا.

وێڕای ئەوەی یەکێتیی نووسەران لەلایەن حکوومەتی بەعسەوە هەڵوەشایەوە، بەڵام نوسەرانی خاوەنی هەڵوێست هەر لەبەرەی گەل مانەوە و قەڵەکانیان لە خزمەتی شۆڕش و پێشمەرگە بوو، بەناوی نهێنی لە بڵاوکراوەکانی یەکێتیی نوسەرانی کوردستان لە شاخ بەرهەمەکانیان بڵاو ئەکردەوە.

لەدوای راپەرینی ئازادی، جارێکی تر یەکێتی نووسەرانی کورد دامەزرایەوە و هاتەوە مەیدانی تێکۆشانی ئەدەبی و روناکبیری و تا ئێستا بەردەوامە.

یەکێتیی نوسەرانی کورد لە مێژووی پڕ شکۆی 50 ساڵی تەمەنیدا خزمەتێکی زۆری کردووە و خاوەنی خەرمانێک دەستکەوتی ئەدەبی و ڕووناکبیرییە.

ئێستاش یەکێتیی نووسەران لە پاریزگاکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک و کەرکووک لقی هەیە و بەردەوام کار و چالاکیی ئەدەبی و ڕۆشنبیرییان هەیە.







باسنیوز
Top