پەرلەمان لە جێبەجێنەکردنی بڕیارێکی وەزارەتی خوێندنی باڵا نیگەرانە
سەرۆکی لێژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی کوردستان ئاشکرای کرد کە ئەوان لە جێبەجێنەکردنی بڕیارێکی وەزارەتی خوێندنی باڵا لەبارەی کرێی خوێندنی زانکۆ و پەیمانگا ئەهلییەکان نیگەرانن.
عەبدولسەلام دۆڵەمەری، سەرۆکی لێژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی کوردستان، راگەیاند، بڕیارە رۆژی دووشەممەی ھەفتەی داھاتوو، بە بەشداریی وەزیری خوێندنی باڵا و سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لێژنەکەیان کۆببێتەوە.
ڕوونیشی کردەوە، لە کۆبوونەوەکەدا باس لە جێبەجێنەکردنی سیستەمی پەڕینەوە لە بەشێک لە زانکۆکانی کوردستان لە لایەک و جێبەجێنەکردنی بڕیاری وەزارەتی خوێندنی باڵا بۆ داشکاندنی کرێی خوێندنی زانکۆ و پەیمانگا ئەهلییەکان لەلایەکی دیکە، لەگەڵ چارەسەرکردنیان دەکرێت.
ئەوەشی ئاشکرا کرد کە بە نووسراوی فەرمی و لە ڕێگەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستانەوە داوایان لە وەزیری خوێندنی باڵا کردووە، هەفتەی داهاتوو لە کۆبوونەوەی لێژنەکەیاندا ئامادە بێت.
ڕوونیشی کردەوە کە سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەبارەی ڕێنماییەکانی تایبەت بە مۆڵەتی خوێندن، بابەتی هاوتاکردنی بڕوانامەی دەرچووانی زانکۆکانی (کتاب، قەڵەم، نوور و حەدبا) لە کۆبوونەوەکەدا بەشدار دەبێت.
باسنیوز
