لە چوار پارێزگای باکووری کوردستاندا بەهۆی بەفربارین پشوو رادەگەیێندرێت
شەپۆلێکی بەفربارین باکووری کوردستانی گرتووەتەوە و زۆرترین کاریگەریی لە سەر پارێزگاکانی وان، شرناخ، بەدلیس و ئێلیهـ دروستکردووە. تەنانەت لە هەندێک شوێنی پارێزگای واندا بەفر دوو مەتری تێپەڕکردووە.
بەهۆی ئەوەی بەفر چەندین رێگەی داخستووە و سەرما کاریگەریی زۆری دروستکردووە، لە پارێزگاکانی وان، شرناخ، بەدلیس و ئێلیهـدا رۆژی دووشەممە 10ی شوباتی 2020 بە پشوو راگەیێنرا.
دەوامی قوتابخانەکان بە تەواوەتی پشووە و ئاسانکاریش بۆ فەرمانبەرانی دووگیان و خاوەن پێداویستی تایبەت کراوە بەوەی دەتوانن پشوو بدەن.
هەروەها بەفر بارین و کەشی سارد لە رۆژی شەممە (08-02-2020)ـەوە لە شاری مووش دەستیپێکردووە، ئەوەیش بووەتە ھۆی داخرانی 316 ناوچە و گوندی سنووری ئەم پارێزگایە، هەروەها تیمەکانی رێگەوبان بەردەوامن لە کارکردن و بە ھاناچوونی ھاووڵاتییان.
هەروەها لە وان بەفر ژیانی رۆژانەی ھاووڵاتییانی سەخت کردووە، رێگەی هاتووچۆکردن لە 765 ناوچە لە سنووری ئەو پاریزگایە داخستووە.
لە شاری ترابزونیش بەفر بارین دەستیپێکردووە، ئەوەیش بووەتە ھۆی سەختبوونی ژیانی رۆژانەی ھاووڵاتییان.
