قایمقامی چەمچەماڵ: لەسەر تەقەکردن لە تەنکەری غاز کەسێک دەستگیرکرا

قایمقامی چەمچەماڵ: لەسەر تەقەکردن لە تەنکەری غاز کەسێک دەستگیرکرا
قایمقامی قەزای چەمچەماڵ رایگەیاند، لەسەر تەقەکردن لە تەنکەری غاز لە سنوورەکەیان کەسێکیان دەستگیرکردووە. پەرلەمانتارێکی کوردستانیش دەڵێت، "لە رێگەی دوو ئۆتۆمبێلی ئۆپل و لانگدۆزەرەوە تەقە لە تەنکەرەکانی گواستنەوەی غاز کراوە".

رەمک رەمەزان، قایمقامی قەزای چەمچەماڵ راگەیاند: "لە ناحیەی تەکیەی سەر بە قەزای چەمچەماڵ لەسەر رووداوی تەقەکردن لە تەنکەری غاز، کەسێک لە رێگەی هێزە ئەمنییەکان و ئاسایشەوە دەستگیرکراوە و لێکۆڵینەوەش لەو بارەیەوە دەستیپێکردووە".

قایمقامی قەزای چەمچەماڵ دڵنیایی دەداتە هاونیشتمانییان و دەڵێت "دڵنیایی دەدەینە هاووڵاتیان لە چەمچەماڵ کێشەی غاز کۆتایی هاتووە و داواش لە کەناڵەکانی راگەیاند دەکەم ئەو بابەتە هێندە نەوروژێنن و ببنە لایەنی ئاشتەوایی و دڵنەوایی بۆ چارەسەرکردنی پرسەکان".

هەروەها سۆران عومەر پەرلەمانتاری کۆمەڵی ئیسلامی لە پەرلەمانی کوردستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاویکردووە "ئەمشەو (یەکشەممە 09-02-2020) لە ناحیەی تەکیە و لە رێگەی دوو ئۆتۆمبێلی ئۆپل و لانگدۆزەرەوە تەقە لە تەنکەرەکانی گواستنەوەی غاز کراوە".

سۆران عومەر، باسیشی لەوەکردووە "لەسەر رووداوەکە هێزەکانی ئاسایشی ناحیەی تەکیە تەقەکەرێكی ئۆپڵەکەیان دەستگیرکردووە و دوو تەقەکەرەکەی لانگدۆزەرەکە رایانکردووە، ناسنامەی تەقەکەرەکان ناسراوە".

کۆمپانیای سوورگاز، رۆژانە لەڕێگەی 50 تانکەرەوە لە کێڵگەی غازی کۆرمۆرەوە غاز بۆ شارەکانی هەرێمی کوردستان دەگوازێتەوە، پێشتر لەڕێگەی کۆمپانیایەکی دیکەوە بە 150 تانکەرەوە کارەکە رادەپەڕێنرا.

لە رۆژی 02-02-2020ـەوە کۆمپانیای سوورگاز دەستی بە کار کردووە. وەکو بەرپرسانی کۆمپانیاکە باسی دەکەن، شەوانە زیاتر لە چوار جار رێگە لە تەنکەرەکانیان دەگیردرێت و تەقەیان لێدەکرێت. دواینجاریان شەوی چوارشەممە (5-2-2020) بوو.
Top