شاره‌وانیی سلێمانی کۆشك و عارەبانەکانی شه‌قامى سەھۆڵەکە لاده‌بات

شاره‌وانیی سلێمانی کۆشك و عارەبانەکانی شه‌قامى سەھۆڵەکە لاده‌بات
شارەوانیی سلێمانی ھەڵمەتی لابردنی کۆشک و عارەبانەکانی شەقامی سالم ناسراو بە (سەھۆڵەکە)ی دەست پێکرد.

سەردەشت ڕەفیق، بەڕێوه‌بەری ڕاگەیاندنی شارەوانیی سلێمانی ڕايگەیاند: "ماوەیەکی زۆره‌ بەشێوەیەکی نایاسایی و بەربڵاو کۆشک و عارەبانە لە شەقامی سالم (سەھۆڵەکە) کار دەکەن، بەڵام جگە لەوەی بەشێکی عارەبانەکانی ئەو شەقامە خواردنی خراپ بەکار دەھێنن، سیمای شەقامەکەیان تێک داوە و بەشێوەیەکی زیادەڕۆیی کارەکانیان دەکەن، بۆیە ئەمڕۆ یەکشەممە 9/2/2020، ھەڵمەتی لابردنی عارەبانە و کۆشکەکانمان دەست پێکردووە".

گوتیشی: "ھەرچەندە شەقامی سالم، ڕێژەیەکی زۆر عارەبانە و کۆشکی تێدایە، بەڵام ئێستا کاتی ئەوەیە ئەو شەقامە ڕێک بخرێتەوە، چونکە ناکرێ ھەندێک کەس لەپێناو بەرژەوەندیی خۆیان مافی پیادەی ھاووڵاتییان پێشێل بکەن و ئاستەنگ بۆ ھاتوچۆی ئۆتۆمبێلی ھاووڵاتییان دروست بکەن، دواجار شەقامی سالم، شەقامێکی جوانی شارەکەیە و پێویستە ڕێگری لە زیادەڕۆیی بکەین، بۆ ئەوەی شەقامەکە بەجوانی بمێنێتەوە".

بەڕێوه‌بەری ڕاگەیاندنی شارەوانیی سلێمانی ئاماژەی بەوەش کرد، ھەڵمەتی ڕێکخستەوەی شوێنە گشتییەکان بەردەوام دەبێت، هه‌روه‌ها بەشی زیادەڕۆیی سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی، ھەڵمەتەکانی خۆی چڕ دەکاتەوە بۆ ئەوەی چیتر زیادەڕۆیی نەکرێت.











باسنيوز

Top