خورماتوو.. تا ئێستا بكوژانی پێشمەرگەكەی پارتی ئاشکرا نەبوون

خورماتوو.. تا ئێستا بكوژانی پێشمەرگەكەی پارتی ئاشکرا نەبوون
لە شاری خورماتوو تا ئێستا بكەرانی شەهیدكردنی پێشمەرگەكەی پارتی دیموكراتی كوردستان نەدۆزراونەتەوە کە نزیکەی یەک مانگ لەمەوبەر لە ماڵەکەی خۆی شەهید کرا.

ئەرسەلان عەلی، بەرپرسی ناوچەی خورماتووی پارتی، ڕايگەیاند: "بە حوكمی ئەوەی دەسەڵاتی كورد لە شارەكە نییە، دۆخی شارەكە نالەبارە و تا ئێستاش بكەرانی شەهیدكردنی پێشمەرگەكەی پارتی كە پاسەوانی خۆم بووە، ئاشكرا نەكراون و دەزگا ئەمنییەكانی خورماتوو ئێستا بە بابەتی دیكەی رۆتینیاتەوە سەرقاڵن، بەڵام لێكۆڵینەوە لە دۆسییە گرنگەكان ناكەن، بەتایبەت لەو كوشتوبڕەی كە لە سنوورەكە دەكرێت".

گوتیشی: "ئەوەی ئێمە گومانی لێ دەكەین بەدەستی ئەنقەست فشار لەسەر خەڵك دەكەن، بە تایبەت لە هاووڵاتییانی كورد لە خورماتوو كە لە 16ی ئۆكتۆبەری 2017ەوە فشار لەسەر كورد زۆر بووە".

مانگی رابردوو، پێشمەرگەیەكی پارتی دیموكراتی كوردستان، بە ناوی سالار سابیر، لە گەڕەكی "رزگاری"ی شاری خورماتوو، بە دەستڕێژی گوللە لەلایەن چەند چەكدارێكی نەناسراوە شەهید کرا و تا ئێستاش بكەرانی شەهیدكردنی ئەو پێشمەرگەیە نەدۆزراونەتەوە.











باسنيوز


Top